راگەیەنراوی کۆبوونەوەی بارزانی و شاندی باڵای یەکێتی

 راگەیەنراوی کۆبوونەوەی بارزانی و شاندی باڵای یەکێتی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ـی٥ـی٢٠١٤ لە سەلاحەدین، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی بەڕێز کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، باس لە ڕەوشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی کرا و پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ـی نیسانی ٢٠١٤ ـی عێراق و هەرێم و داهاتووی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە کەشێکی زۆر ئیجابی و دۆستانەدا بەڕێوەچوو، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بەرانبەر ئەگەرەکانی داهاتووی عێراق و پرۆسەی دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان یەکهەڵوێست بن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ـی نیسانی ٢٠١٤ لە هەرێم کرا و سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کرد و خۆشحاڵیی خۆی بەرانبەر پێشکەوتنی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا دەربڕی.

سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەرچی زووتر کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێندرێت و هەموو هێزە سەرەکییەکانی هەرێمیش بەشداریی لەو کابینەیەدا بکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی باڵای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ پێشوازیی گەرم و کۆبوونەوەکە دەربڕی و جەختیشیان لەوە کردەوە کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە چۆنیەتیی مامەڵە کردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراق و دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە پێویستی دەزانێت کە هەموو لایەنە کوردستانییەکان یەکدەنگ و هاوهەڵوێست بن و جەختیشیان لەوە کردەوە کە پێویستە بەزووترین کات کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابمەرێت بۆ ئەوەی هێزە کوردستانییەکان خۆیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عیراق ئامادە بکەن.

تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی کوردستان. هەروەها گۆڕانکارییە نوێیەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ناوچەکە باسی لێوە کرا.

Top