شاندی دانوستاندنكاری پارتی و یەكێتی لە پیرمام كۆدەبنەوە
تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەی زانیارییەكانییەوە زانیویەتی، كە شاندەكەی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح كاژێر 12 دەگەنە پیرمام و كۆبوونەوەكە بەڕێوەدەچێت.
رووداو ئەوەشی زانیوە كە رەنگە شاندەكەی یەكێتی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش كۆببنەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەڵبژاردنی 21-9-2013 توانی 18 كورسی پەرلەمانی كوردستان بەدەستبهێنێت و پارتی دیموكراتی كوردستان كە لایەنی براوەی ئەو هەڵبژاردنە بووە بە 38 كورسی، 5 وەزارەتی بۆ یەكێتی داناوە لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت،بەڵام یەكێتی داوای یەكێك لە وەزارەتەكانی پێشمەرگە یان ناوخۆ دەكات، لەكاتێكدا ئەو دوو وەزارەتە ناوخۆ بۆ پارتی و پێشمەرگە بۆ گۆڕان یەكلابووەتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، "ئەگەر پارتی سوور بێت لەسەر پێنەدانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوا یەكێتی داوا دەكات دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكرێتە وەزارەت و بدرێت بە یەكێتی و لەو 5 پشكەی بۆ یەكێتی دانراوە، 4 وەزارەتی پێبدرێت".
زۆرینەی ئەندامانی مەڵبەندو مەكتەبەكان و كۆمیتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راپرسییەك كە لەرۆژی 7-5-2014 دەستیپێكرد و 10-5-2014 كۆتاییهات،لەگەڵ ئەوەن كە یەكێتی بەشداری بكات لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی ئیستیحقاقی خۆی و داوایان لە سەركردایەتی یەكێتی كردووە كە سوور بن لەسەر داواكارییەكانی خۆیان و رازی نەبن بەو پشكەی كە پارتی بۆ یەكێتی داناوە.
رووداو
