سبەی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت ناودەنرێ

 سبەی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت ناودەنرێ
بڕیارە سبەی یەكشەممە 4-5-2014 پەرلەمانی كوردستان بۆ ناونانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوەو سكرتێری پەلەمانیش دەڵێ تەنیا ناوی سەرۆك وەزیران دەنرێ.

فەخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند لە دانیشتنی سبەی یەكشەممە سەرۆك وەزیران دیاریدەكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

گوتیشی:" لە دانیشتنی سبەی تەنیا ناوی سەرۆك وەزیران دەنرێت بە حوكمی ئەوەی تاوەكو ئێستا جێگری سەرۆك وەزیران دیار نییە".

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی روونكردنەوە لە بڕگەی دووەمی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان داوای ناوی سەرجەم پەرلەمانتاران بۆ لیژنەكان دەكرێت لەسەر بنەمای پسپۆڕی و شارەزاییان.

گوتیشی "ئەگەر فریا بكەوین ئەوا بۆ راپەڕاندنی ئیشوكارەكانی داهاتووی پەرلەمان و ئامادەكردنی پرۆژەیاساكان لەوانەیە لیژنەی یاسایی پەسەند بكەین".







رووداو
Top