سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك كۆماری هەرێمی تەتەرستان دەكات
لە دیدارێكدا سەرۆك كۆماری هەرێمی تەتەرستان سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخسانی دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ كوردستان ڕاگەیاند و گەشبینیی خۆیشی بۆ دروستبوونی پەیوەندیی نێوان هەر دوو وڵات لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا كە لەنێوان كۆماری تەتەرستان و هەرێمی كوردستاندا زەمینەی هاوبەشی زۆر هەن و دەكرێ لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوولا كاری پێكەوەیی لە بوار هاوبەشەكاندا بكرێت. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی كۆماری تەتەرستان تایبەتمەندییە جیۆگرافی و دیموگرافییەكانی وڵاتەكەی بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و وێڕای ئاماژەدان بە توانا و پتانسێیڵەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێشكەوتن لە داهاتوودا ئەوەی خستەڕوو كە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا كوردستان توانیویەتی كاری زۆر باش بكات و هەنگاوی مەزن بنێت.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك كۆماری تەتەرستان و شاندی یاوەری كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشاندا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی. لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی خەبات و كۆڵنەدان و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان و جینۆساید و ئەو زوڵم و ستەمەی لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە بۆ شاندی میوان باس كرد. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان، هێمای بەوەدا كە ئەوە یەكەمجارە گەلی كوردستان دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت كار بۆ خۆی و وڵاتەكەی بكات و لەچاو ئەو قوربانییەی گەلەكەمان داویەتی دەستكەوتەكان زۆر كەمن. سەرۆك بارزانی لە بەشێكی قسەكانیدا باسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕووخانی ڕژێم و پەسەندكردنی دەستووری عێراقی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە لە دەستووردا كوردستان لەگەڵ عێراقدا شەریكە بەڵام بەغدا پابەندی ئەو دەستوورە نەبوو و پێشێلی كرد. سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامەكانی سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە ئەگەر بێتوو ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نەبێتە هۆی دروستبوونی گۆڕانكاری لە سیاسەت و هەڵوێستەكانی بەغدا و قەیرانی سیاسی و ئەمنی قووڵتر ببێت ئەوە كوردستان ناچار دەبێ خۆی بپارێزێ و نەبێتە بەشێك لە ئاڵۆزی و گرفتەكانی عێراق.
تایبەتمەندییە مێژوویی و كولتوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بواری گەشتوگوزار تەوەرێكی دیكەی دانیشتنی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی كۆماری تەتەرستان بوو.
شایانی باسە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 3ـی 5ـی 2014 سەرۆك كۆماری تەتەرستان كۆتایی بە سەردانەكەی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە لایەن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەگەرمی بەڕێ خرا.
