سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران: لەسەر بەرنامەی كاری خزمەتكردنی كرێكارانی كوردستان بەردەوام دەبین

 سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران: لەسەر بەرنامەی كاری خزمەتكردنی كرێكارانی كوردستان بەردەوام دەبین
بە بۆنەی یه‌كی ئایار و هاتنەوەی جەژنی كرێكاران، كەبۆتە رۆژێكی سەرانسەری بۆ هەموو كرێكارانی جیهان، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەم یادە بەرز رادەگرێت و پیرۆزبایی لەسەرجەم كرێكارانی كوردستان دەكات.

لەم ڕۆژەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو ئەركێكی خۆی دوپاتیدەكاتەوە كە لەسەر بەرنامەی كاری خزمەتكردنی كرێكاران و هەموو ئەو چین و توێژە كۆمەڵایەتیانەی كوردستان بەردەوام دەبێت كە بەهەوڵ و خەبات و رەنجی شانی خۆیان خزمەتی مرۆڤایەتی و بونیاتنانەوەو ئاوەدانی كوردستانەكەیان دەكەن، لەهەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی ژینگەیەكی لەباری كاركردن و رەخساندنی هەلی كار و هاوكاریكردنیان لەبەدەست هێنانی مافەكانیان و بەرز كردنەوەی ئاستی شارەزایی و لێهاتووییان بەشێوەیەكی هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیادا.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوو چەندین پڕۆژەی بۆ گەنجان و لاوان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان و ئەوانەی بێ‌ كارن خستە بواری جێبەجێكردنەوە ، جگە لەوەش یەكێك لەئەولەویەتەكانی حكومەت هاریكاریكردن و پەرەپێدانی كەرتی تایبەتی خۆماڵیە كە رۆڵێكی زیاتر لەچالاكی ئابووری و بەرهەمهێناندا ببینن و ژماریەكی زیاتر دەستی كاریش وەگەڕبخەن.

دووبارە ئەم رۆژە لەكرێكارانی كوردستان و عیراق و هەموو جیهان پیرۆز دەكەین.


سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران
Top