دوو تەقینەوە ناحیەی سەعدییەی هەژاند

 دوو تەقینەوە ناحیەی سەعدییەی هەژاند
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوو تەقینەوە لە ناحیەی سەعدییە روویداو بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەكەش هێشتا ژمارەی كوژراو و بریندارەكان بە روونی دیار نییە، بەڵام ئامارە سەرەتاییەكان باس لە كوژران و برینداربوونی زیاتر لە 30 كەس دەكەن.

تەقینەوەكان كە بۆمبی چێنراو بوون، لە دوو شوێنی تاڕادەیەك قەرەباڵخ روویاندا، یەكەمیان لە ناو بازاڕی ناحییەكە لە نزیك چایخانەیەكی شەعب بووە و تەقینەوەی دووەمیش لە نزیك فەرمانگەی كارەبای سەعدیە بووە.

لەبارەی ئاماری قوربانیانی هەردوو تەقینەوەكە، ئەحمەد زڕگۆشی، بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هێشتا ئامارێكی ورد دیار نییە".

ناحیەی سەعدییە بە دووری 60 كم دەكەوێتە باكووری بەعقوبە‌و لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە و دانیشتووانەکەشی پێکهاتوون لە کورد، عەرەب و تورکمان.

لای خۆشیەوە موقەدەم سەڵاح عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی سەعدیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ژمارەی كوژراوان گەیشتووەتە 15 كەس و 20 كەسیش بریندارن". ئاماژەی بەوەشكرد كە بریندارەكان رەوانەی نەخۆشخانەكانی جەلەولاو خانەقین دەكرێن.






رووداو
Top