قۆناغی زێڕینی هەولێر لە حكومڕانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستپێدەكات

قۆناغی زێڕینی هەولێر لە حكومڕانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستپێدەكات
د. چنار سەعد عەبدوڵڵائەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بە گوڵان: لە پاش ساڵانی 1997 ئارامی و ئاسایش كە گرنگترین و بنەڕەتیترین پێداویستییەكانی ژیانی كۆمەڵگایە لە لایەن ئیدارەی پارتییەوە ڕیشەی لەو شارە خۆشەویستەو دەوروبەری داكوتاوە، كەمن ئەو شارانەی وەك هەولێری پایتەخت كە تا درەنگانی شەو بازاڕو شەقامەكانی جمەی بێت لە هاووڵاتیان و خەڵكی گەشتیار.
هاووڵاتیان ئەوەندە متمانەیان بە دەزگای ئاسایش و پۆلیسی هەولێر هەیە كە بێ خەم ماشێنەكانیان لە كوچەو كۆڵانەكان پارك دەكەن و دڵنیان لە پاراستنی سەرو ماڵ و ژیانیان.

هەر ئەو خاڵە گرنگەی ئارامی شاری هەولێرە بووەتە ئەوەی كە ئەمڕۆكە لە شاری هەولێر بە دەیان رێكخراوو كۆنسوڵخانەی بیانی بارەگایەكانیان بكەنەوە، تەنانەت ئەوانەشیان كە لە ناوچەكانی تری عیراق یان لە ئوردن و دەوروبەر بوون ئەمڕۆ هاتوونەتە كوردستان.
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر نزیكەی(30)كۆنسوڵخانەی وڵاتان هەیە وێڕای (1100) رێكخراوی NGO كە پێكهاتوون لە سەندیكاو رێكخراوە لۆكاڵ و بیانییەكان، كە ئەوانەش ئاماژەكردنە بە هەبوونی گۆڕەپانێكی فراوان بۆ كاری رێكخراوەیی و مەدەنی.

شاری هەولێر لەو ڕووەوە خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی كە هەر لە كۆنەوە شوێنی پێكەوە ژیانی چەندین پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی جیاواز جیاواز بووە.
سیاسەتی پارتی لە بەڕێوەبردنی ئەو پارێزگای هەولێردا هەمیشە بەو ئاڕاستەیە بووە كە پێوەندی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان پتەوتر بكات و هیچ یەك لەوان هەست بە پلە دوو بوون و جیاوازی نەكەن.
هەر لە شاری هەولێر، منداڵانی توركمان بە هۆی هەبوونی قوتابخانەی توركمانی بە زمانی دایكی خۆی دەخوێنێت و ئاشووری و سریان و كریستیانەكانیش بە زمانی خۆیان و ڕێزیش لە سەرجەم بەها ئایینی و كەلتورییەكانیان گیراوە.
لە زۆر شوێنی هەبوونی فرەڕەنگیدا هەندێكجار بۆتە هۆی دروستبوونی نائارامی و ناجێگیریی، بەهۆی سەردەست بوونی پێكهاتەیەك و چەوسانەوەی ئەوانی تر نموونەی هەرە زیندووش لەم بارەیەوە دەوڵەتی عێڕاقە كە بەهۆی یەكتر قبوڵ نەكردنەوە ڕۆژانە خەڵكانێك دەبنە سووتەمەنی ململانێی كائینی و مەزهەبی، كەچی بەهۆی حیكمەتی سیاسەتی پارتی و سەركردایەتییەكەی ئەو دۆخە لە كوردستان بە هیچ شێوەیەك بوونی نییە، بێگومان پشتیوانی و هاوكاریی گشتی لایەنە سیاسی و كۆمەڵایەتی و خەڵكی كوردستان لەوەدا لەبەرچاون.

پارتی و سیاسەتی پارتی بەكردارەوە ئەوەی بۆ هاووڵاتیانی خۆی و میللەتانی تریش سەلماندووە كە لەسەر ڕێبازی مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەری درێژە بە خەباتی خۆی دەدات، بەهۆی سیاسەتی پارتییە ئەمڕۆكە پایتەختی هەرێمی كوردستان بۆتە پەناگەی كوردی رۆژهەڵات و خەڵكی دیكەی لێقەوماو كە لەناوچەكەكانی دیكەی عیراق پەنایان بۆ ئەو شارە هێناوە، وێڕای فشاری ئابووریی سەرخۆمان، بەڵام لە پشتیوانیكردنی لێقەوماوان درێخیمان نەكردووە، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەیە پێگەی هەرێمی كوردستانی زۆر بەهێز كردووە.

سەبارەت بە كۆی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەش كە ئیدارە و نوێنەرانی پارتی لە پارێزگا و دامەزراوەكانی حكومەت لە سنووری پارێزگای هەولێر پێشكەشی هاووڵاتیانی كردووە بێ ئەندازەن و سیمای جوانی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بە ڕووخساری خەڵك و دارودیواری شار و گوندەكانی ئەو ناوچەیە دەبینرێت، بێگومان ئێمە نكوڵی لەوە ناكەین كە وێڕای ئەو هەموو خزمەتگوزارییانەی لەو سنوورە ئەنجام دراون كەموكوڕی داواكاریی هاووڵاتیان هەر لەئارادان، بەڵام كاتێك ژیانی خەڵك و ئاوەدانی ئەو شارەو ناوچەكانی دەوروبەری لەگەڵ چەند ساڵێكی پێشتر بەراورد دەكەین ئەوكاتە زیاتر درك بە گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكان دەكەین.

لەماوەی حكومڕانی بەعسدا زۆربەی لادێكانی سەربەو پارێزگایە، چ ئەوانەی دەكەونە دەشتی هەولێرەوە چ ئەوانەشی دەكەونە ناوچە شاخاویەكانەوە، كەوتنە بەر شاڵاوی دڕندەی بەعس و زۆربەیان خاپوور كران و تەنانەت بیری ئاو و كانیاوەكانیش بە چیمەنتۆ پڕكرانەوە.
كەچی ئەمڕۆكە زۆربەی ئەو گوندانەی لەجاران ئاوەدانترن و دەستی خزمەتگوزاری هەر لە ڕووی كارەبا و قوتابخانە و مزگەوت و رێگاوبان بۆ زۆربەیان گەیشتووە، ئەوەی ئەمڕۆكە جێگای سەرنج و خۆشحاڵییە ئەویش ئەوەیە كە ئەمڕۆكە بەهۆی بووژانەوەی باری بژێوی خەڵك وا خەریكە جووڵەو گەڕانەوە بۆ نیشتەجێبوون لە گوندەكان پەرەدەسێنێت، ئەوەی پارچە زەوییەكی كشتوكاڵی لە گوندەكان هەبێت هەوڵ دەدات لەسەر زەوییەكی خۆی نیشتەجێ بێت و رەز و باغەكان ئاوەدان بكەنەوە، ئەمەش جارێكی دی ئاماژەكردنە بە باشی ڕەوشی ژیانی خەڵك و هەبوونی ئارامی و متمانە، بۆنموونە لەبواری دابینكردنی كارەبا حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی هێڵی كارەبای نیشتمانی بۆ(1476) گوند ڕابكێشێت و تۆڕی كارەبا بۆ دوورترین گوندی سەرسنوور بڕوات.

هەر لە بوارەكانی دیكەی خزمەتگوزاری نموونەی كەرتی تەندروستی، حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداربوویەكی سەرەكییە تێیدا، توانیویەتی (85) نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی دروست بكات كە سەنتەری شارو قەزا و ناحییەكانی گرتۆتەوە.
خزمەتێكی زۆری بواری دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بەتایبەتی بۆ ناوشاری هەولێر بكات كە دەتوانین بڵێین كە وا خەریكە ئەو گرفتە بەیەكجاری چارەسەر بێت، هەروەها لەبواری چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەوڵی زۆر بەرچاو دراوە، بۆنموونە ئەگەر لە ساڵی 2006 ڕێژەی كارەبای پێویست تەنیا (1457) مێگاوات بووبێت، لە 2012 ئەو ڕێژەیە گەیشتە(3488) كە حكومەتی توانیویەتی بڕی(2700) مێگاوات دابین بكات، نەك هەر ئەوە ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم كارەبا بە ناوچەكانی دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستانیش دەبەخشێت.

لە بواری پەروەردەش لە چەند ساڵی ڕابردوودا پارێزگای هەولێر توانیویەتی(662) بینای قوتابخانە بۆ ئەو پارێزگایە دروست بكات و لە هەمان كاتیشدا (372)بینای قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی و نۆژەن كراونەتەوە.

لەبواری نیشتەجێبوونیش شاری هەولێر و دەوروبەریش فراوانێكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، هەوڵ دراوە پرسی قەیرانی یەكەی نیشتەجێبوون لەو پارێزگایە چارەسەر بكرێت، هەر لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا ژمارەیەكی زۆر یەكەی نیشتەجێبوون وەك قۆناغی یەكەم دروست كرا كە بەخشرایە كەمدرامەت و كرێنشینان ، وەجبەی دووەمیش كە بریتین لە خانووی كۆرییەكان وا خەریكی جێبەجێكردنن، من ئاگادارم كە وەجبەی سێیەمیش بەڕێگاوەیە.
سەرەڕای ئەوە، هەر لە بواری نیشتەجێبوونەوە تا ساڵی 2013 هەشتاو یەك هەزار و هەشت سەدو بیست و پێنج یەكەی نیشتەجێبوون بە خانوو شوقەی ئاست جیاواز بە گوژمەی هەشت ملیار و نۆسەدوچل و پێنج میلۆن دۆلار كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە بواری گەشتیاری كە كەرتێكی زۆر گرنگەو خزمەت بە چارەسەركردنی پرسی بێكاری دەكات لەو سنوورە، بڕی(50)پڕۆژەی گەشتیاری بە گوژمەی (900)ملیۆن دۆلار خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان سەرەڕای ئەوەی كە لەناوەندە ئیداریەكاندا هەوڵی داوە كە خزمەتگوزاری پێشكەشی گشت چین وتوێژەكان بكات، لە هەمان كاتدا پشتیوانێكی سەرسەختی پرسی ئافرەت و منداڵان بووە هەم لە پاراستنیان لە هەڕەشەكان و هەم لە دابینكردنی مافە مەدەنی و خزمەتگوزارییەكان ئەوەی تا ئێستا لەو بوارەدا بەرهەم هاتوون خۆی بە خاوەن و بەشداری دەزانێت و بەردەوامیش دەبێت لەسەر خزمەتكردنیان لە رێگای داڕشتنی یاسا و دامەزراندنی دامەزراوەی پێویست بۆ زیاتر برەودان بە ژیان و تواناكانی ئەم دوو توێژە گرنگە.
Top