زۆر سوپاسی خەڵكی هەولێر دەكەم توانیان بە هه‌موو ره‌نگه‌جیاوازه‌كان زه‌خره‌فه‌یه‌كی دیموكراتی دروست بكەن

زۆر سوپاسی خەڵكی هەولێر دەكەم توانیان بە هه‌موو ره‌نگه‌جیاوازه‌كان زه‌خره‌فه‌یه‌كی دیموكراتی دروست بكەن
عەلی حوسێن بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بە گوڵان: ئەمڕۆ كە دوایین رۆژی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانە، دەمەوێت پڕ بەدڵ سوپاسی یەكە یەكەی هاووڵاتیانی پارێزگای هەولێر بكەم كە بەشێوەیەكی زۆر جوان و رێكوپێك و بە شێوەیەكی دیموكراسییانەو مەدەنییانە زۆر بە هۆشیارییەوە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیان بەڕێوە برد و هەموو رەنگە جیاوازەكان پێكەوە زەخرەفەیەكی دیموكراتیان دروستكردبوو، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر كلتووری هەولێرییەكان، ئەویش كلتووری نەرمونیانی و یەكتر قبوڵكردن و كوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە، ئەم نمایشەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی هەولێر بینیمان، پەیامێكی گرنكە بۆ ئێستاو ئاییندەی ئێمە كە بە راستی گەیشتووینەتە ئەو ئاستە، كە هەر تاك و لایەنێكی كوردستان بتوانێت گوزارشت لە بەرنامەو پەیامی خۆی بكات بەبێ ئەوەی كەسی دیكە برینداربكات یان گرفتی بۆ دروست بكات. ئێمە وەك كادر و رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی پارتی بۆ هەڵبژاردن و لە ژێر رۆشنایی پەیامەكانی سەرۆك بارزانی هەڵمەتی هەڵبژاردنمان درێژە پێدا و پابەندبووین بەو رێنماییانەی كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی ئەمنی دیارییان كردبوو.
ئەوەی لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنانە بۆ ئێمە وەك پارتی گرنگ بوو، ئەوەبوو هیچ لایەك سەرپێچی یان پێشلكاریی رێنماییەكان نەكات و خەڵكی پارێزگای هەولێر نیگەران بكات، گرنگتر لەمەش ئەوەبوو توانرا ئەو تابلۆیە پیشان بدرێت بەوەی كوردستان رەنگاوڕەنگە و هەموو لایەنێك شانازی بە بەرنامەی خۆی دەكات.
لەنێو ئەم هەمەڕەنگیەی هەولێردا، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەستمان بەو شانازییە كرد كە هەولێرییەكان بە متمانەوە لە پشتگیریان بۆ لیستەكانی 76 و 213 ئەوەیان دووپاتكردووە (هەولێر و پارتی لێك جودا نابێتەوە)، ئەم متمانەی هەولێرییەكان بە پارتیان بەخشیووە، تەنها متمانەی ئەمڕۆ نییە كە لە یەكدوو رۆژی داهاتوو لەسەر سندوقەكانیدا دووبارە دەیسەلمێننەوە، بەڵكو مێژوو گەواهیدەری ئەمەیە، كە هەولێرییەكان هەموو كات شانازی بە پارتی و رێبازی بارزانیەوە دەكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەوەی دوێنێ ئەمڕۆی دروستكرد و ئەمڕۆش سبەی دادەهێنێت، خەڵكەكە ئەزموونی پارتی لەبەرچاوە لە سەقامگیری و حوكمڕانی و فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری و كاروكاسبی بۆ خەڵك، خەڵكێك هەیە لەم هەولێرە پارتی نییە وەك رێكخستن، بەڵام ئینتیمای كوردایەتی هەیە و لەو روانگەیەوە پشتگیریی لە پارتی و پەیامی سەرۆك بارزانی دەكات، قەناعەتی بەوە هەیە لە حوكمڕانی پارتی و سەرۆك بارزانی ئاسایش دەستەبەركراوە و ئاییندەیەكی گەشیش لە بەردەمیانە.
به‌رنامه‌ی لیستی 76
پەروەردە و تەندروستی كۆڵەگەی پێشكەوتنە
لەبەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەردوو كەرتی تەندروستی و پەروەردە لە ریزبەندی پێشەوەی هەموو كارەكاندایە، ئەوەی دەتوانین شانازی پێوە بكەین ئەوەیە كە توانراوە هەتا ئێستا قوتابخانە و بنكەی تەندروستی بگەیەنینە هەموو شوێنێك لە كوردستان بە گوندەكانی سەر سنوریشەوە، بۆیە لە قۆناخی داهاتوودا لیستی 76ی پارتی هەوڵدەدات ئاستی كوالێتی خزمەتگوزاری تەندروستی و ئاستی كوالێتی خوێندن بەرزتر بكاتەوە بەمجۆرە:
بەردەوام دەبین لە دروستكردنی قوتابخانەی زیاتر بۆ ئەوەی رێژەی قوتابیان لە هەرپۆلێكدا دابەزێنین بۆ رێژەی 16 قوتابی لە پۆلێكدا.
قوتابخانەكان دەكەینە یەك دەوامی و كاتژمێرەكانی دەوامی قوتابخانە زیاد دەكەین، بە هاوشێوەی قوتابخانەكانی كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی نەوەیەكی چەكدار بە زانستی هاوچەرخ پەروەردە بكەین.
تایبەتمەندی دەدەینە قوتابخانەكانی دەرەوەی سەنتەری شار و شارۆچكەو گوندەكانی كوردستان و هەوڵدەدەین مامۆستایانی دەرچووی ئەو ناوچانە لە شوێنی خۆیان دابمەزرێن.
لەبواری تەندروستی هەوڵدەدەین تەواوی بەرنامەكانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان سەبارەت بە كوالەتی دەرمان جێبەجێ بكەین و رێگە نەدەین دەرمانی خراپ بێتە كوردستان.
هەوڵدەدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، تیمی تەندروستی و نەخۆشخانەی گەڕۆك بەردەوام سەردانی ناوچەكانی دەرەوەی هەولێر و گوندەكان بكەن، بۆ ئەوەی ببنە هاوكار و یارمەتیدەر بۆ ئەو نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیانەی لەو ناوچانە هەن.
ئێستا لە چوارچێوەی بایەخدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانە لەسنوری پارێزگای هەولێر لە ژێر جێبەجێكردندان، هەوڵدەدەین بەردەوام چاودێری كارەكانیان بكەین بۆئەوەی لەكاتی خۆی تەواو بێت و خزمەتی هاووڵاتیانی هەولێر بكات.

هەوڵدەدەین
هەولێرییەكان كێشەی نیشتەجێیان نەبێت

سروشتی تایبەتمەندی هەولێر جیاوازە لە سروشتی و تایبەتمەندی هەر پارێزگایەكی دیكە، هۆكاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ كلتووری هەولێرییەكان بەوەی میوان دۆست و لێبوردەن، بۆیە ئەوەی هاتە ئەم پارێزگایە دوای ماوەیەك هەست دەكات بۆتە هاووڵاتیەكی هەولێر و ناتوانێت بەجێی بهێڵێت، هەربۆیە ئەگەر سەیری ئێستای دانیشتوانی هەولێر بكەین، ئەوا بە داتاو ژمارە دەتوانین بڵێین كە زیاتر لە 300 بۆ 400 هەزار كەس لەهەموو شارەكانی كوردستان و رۆژهەڵات و باكور و رۆژئاوای كوردستانەوە لەم شارە دەژین، ئەمە بێجگە لە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیانی شارەكانی دیكەی عێراق كە لەبەر ناسەقامگیری و كارە تیرۆریستیەكانی شارەكانی باشور و ناوەڕاست روویانكردۆتە هەولێر و ئێستا لە هەولێر نیشتەجێبوون، لەلایەكی دیكە هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە و لە هەمانكاتدا پایتەختی ئاوەدانكردنەوەی هەموو عێراقیشە، بۆیە نزیكەی كونسوڵگەری 30 دەوڵەت لەهەولێر كراونەتەوە، نووسینگەی زۆربەی زۆری رێكخراوە نێودەوڵەتیە ناحكومیەكان لەهەولێر كراونەتەوە، نووسینگەی سەدان كۆمپانیای گەورە لە هەولێر بوونی هەیە، لەلایەكی دیكە بەهۆی ئەو جووڵە و بارزگانیەی لە هەولێر دروست بووە، هەولێر وەك ناوەندێكی ستراتیژی ئابووری نرخی خانووبەرەی تیادا بەرز بۆتەوە، لەبەر ئەوەی هەنگاوەكانی پەرەپێدان بەو ئاراستەیەن كە هەولێر دەبێتە ناوەندێكی گرنگی ئابووری لە ناوچەكە.
ئەم بارودۆخە تایبەتەی هەولێر وایكردووە كە كێشەی نیشتەجێبوون بوونی هەبێت، بەڵام بۆ چارەسەری ئەم گرفتە، پارێزگای هەولێر بەرنامەی بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونی مەرجدار هەیە بۆ ئەوەی خەڵكی كەمدەرامەت بە ئاسانی یەكەی نیشتەجێیان دەست بكەوێت، ئەم بەرنامەیە دەستی پێكراوە و بەردەوامی دەبێت و بە چەند خاڵێك ئاماژەی پێدەكەم:
بەرنامەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت دەستی پێكردووە، ئەم بەرنامەیە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
ئەو كەسانەی كە لەم پرۆژانە سوودمەند دەبن، دەبێت پێشتر لەوەرگرتنی زەوی یان یەكەی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبووبن.
هەوڵمانداوە سەرژمێری بۆ ئەو خێزانانە بكەین كە كرێچین، بۆ ئەوەی ئەو ئامارەمان لەبەردەستدا بێت و ئەولەویەت بدەین بەو خەڵكانەی كرێچین و سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی و یەكەی نیشتەجێبوون.
لەبەرنامەی لیستی 76 دایە، كارئاسانی بۆ ئەو كوڕ و كچانە بكات كە هاوسەرگیری دەكەن و بۆ ئەمانیش بەرنامە هەیە كە یەكەی نیشتەجێبوونیان پێبدرێت بۆ ئەوەی ئاستی رێژەی هاوسەرگیری بەرز بكەینەوە.
دابینكردنی خزمه‌تگوزاری كاره‌با و
ئاوی خواردنه‌وه‌

ئاشكرایە نەك لەهەولێر بەڵكو لەسەرانسەری كوردستان ژێرخانی خزمەتگوزارییە سەرەكیەكان نەك هەر نەبوون، بەڵكو بە ئەنقەست لەلایەن حكومەتەكانی عێراقەوە ئەم لایەنە فەرامۆشكرابوو، هەر بۆ نموونە قەدەغەبوو لە كوردستان سەرچاوەی بەرهەمهێنانی كارەبا هەبێت، تەنانەت ئەو كارەبایەشی لە دوكان و دەربەندیخان بەرهەم دەهات، راستەوخۆ سەر بەدەسەڵاتی ناوەندی بەغدا بوو و كۆنترۆڵی ئەم كارەبایە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بوو، لە بواری ژێرخانی خزمەتگوزاری ئاوی خواردنەوە، لەناو سەنتەری شاری هەولێر سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بیرەكانی ئاوی ژێر زەوی بوو، بۆیە دروستكردنی ئەم ژێرخانە لە سفرەوە دەستی پێكراوە و لەچوارچێوەی بەرنامەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا لە پارێزگای هەولێر بەمجۆرەیە:
لە سەرانسەری پارێزگای هەولێر بە ناوەندی شار و قەزاو ناحیە و گوندەكانیشەوە هەموویان پرۆژەی ئاویان بۆ ئەنجامدراوە، ئەم پرۆژانە بۆ ماوەی 25 ساڵی داهاتوو كێشەی ئاوی خواردنەوە چارەسەر دەكات.
لە سەر ئاستی ناوەندی شاری هەولێر پرۆژەی ئاوی ئیفرازی سێ تەواو بووە، ئێستا بەرنامە دانراوە بۆ ئەوەی پرۆژەی ئاوی ئیفرازی چوار دەست پێبكات، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی هەولێر پشت بە ئاوی سەرزەوی ببەستێت نەك ژێر زەوی.
پرۆژەی ئاوی مێرگەسور تەواو بووە، كە ئاوی پاك بۆ تەواوی ناوچەی مێرگەسور و گوندەكانی دەوروبەری دابین دەكات.
پرۆژەی ئاوی بێخاڵ- رواندز – سۆران تەواوبووە، كە ئاوی پاك تەواوی ناوچەكانی رواندز و دەوروبەری، شاری سۆران دابین دەكات.
پرۆژەی ئاوی كڵێسه -‌ كۆیە كە ئاوی خواردنەوە بۆ شاری كۆیە دابین دەكات.
پرۆژەی ئاوی چۆمان كە ئاوی خواردنەوەی پاك بۆ چۆمان و دەوروبەری دابین دەكات.
پرۆژەی ئاوی قەندیل – شەقڵاوە - مەسیف، كە ئاوی خواردنەوەی بۆ هەریر و شەقڵاوە و مەسیف دابین دەكات.
سەبارەت بە كارەباش، ئێستا لە هەولێر دوو پرۆژەی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبا كار دەكات و كارەبای نیشتمانی گەیەنراوەتە دوورترین گوندی سەر سنور، هەروەها بەشێكیش دراوەتە كەركوك.

رێگاوبان و پێكەوەبەستنەوەی
تەواوی پارێزگای هەولێر

جوگرافیای هەولێر، جوگرافیایەكی ستراتیژییە بۆ هەموو كوردستان و هەروەها بۆ بەشێك لەشارەكانی دیكەی عێراقیش، هەروەها سروشتی هەولێر بەو سیفەتەی پارێزگایەكی گەشتیارییە، هەرێمی كوردستان و دەوروبەریش پێكەوە گرێدەداتەوە، بۆیە بایەخدان بە رێگەوبان لە بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پارێزگای هەولێر گرنگیەكی تایبەتی هەبووە، لە قۆناخی یەكەمدا رێگەوبان بۆ تەواوی ناوچەكانی پارێزگای هەولێر دروستكراون، بەڵام لە ئێستادا هەنگاوەكان بەرەو پێشەوەتر چوون، بەرنامە بۆ دروستكردنی رێگەی خێرا و رێگەی جووت ساید بۆ ئەوەی هەم هەموو ناوچەكانی هەولێر لەگەڵ سەنتەری شار پێكەوە گرێبدرێنەوە، هەمیش هەولێر بە شارەكانی دیكەی كوردستانەوە گرێبداتەوە لەوانە:
ئێستا پرۆژەی رێگەی هاملتۆن بۆ گۆڕینی بە رێگەیەكی خێرای جووت ساید كە هەولێر بە كۆماری ئیسلامی ئێران گرێدەداتەوە لە قۆناخی جێبەجێكردندایە، ئەم رێگە تازەیە چەندین تونێلی تێدایە و راستەوخۆ حاجی ئۆمەران گرێدەداتەوە بە ناوەندی شاری هەولێرەوە و رێگەكەش زۆر نزیك دەكاتەوە.
پرۆژەی رێگەی جووت سایدی هەولێر كۆیە، كە ئێستا وەك یەكێك لە پرۆژە گرنگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ژێر جێبەجێكردانەیە و بە تەواوبوونی ئەم رێگەیە ماوەی نێوان شاری كۆیە و ناوەندی هەولێر زۆر كەمدەبێتەوە.
پرۆژەی جووت سایدی هەولێر ئاكرێ، كە ئەمیش بەرنامەی بۆ دانراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت.
پرۆژەی رێگەی خێرا لە نێوان هەولێر زاخۆ بۆ ئەوەی راستەوخۆ هەولێر بە توركیاوە گرێبداتەوە، ئەم پرۆژەیە ماستەر پلانەكەی تەواو بووەو لە بەرنامەدایە جێبەجێ بكرێت.
گەشتیاری سەرچاوەی
داهاتی گەورە بۆ هەولێر

لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشت و گوزار لە پارێزگای هەولێر دایڕشتووە، دیسان ناوچە گەشتیارییەكانی هەولێر دەبێتە هۆكارێك بۆ بەستنەوەی سەرجەم ناوچە گەشتوگوزارییەكانی كوردستان و گەشتیار كە سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگای هەولێر دەكات، دەتوانێت بە ئاسانی بگاتە تەواوی ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان، بەمەش گەشتیاری دەبێتە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات بۆ هەولێر و تەواوی كوردستان، یەكێك لە نیشانەكانی پێشكەوتنی هەولێر، دەسنیشانكردنی هەولێر بوو وەك پایتەختی گەشتیاری بۆ ساڵی 2014، بوونی هەولێریش بە پایتەختی گەشتیاری لە نێو 23 وڵاتی عەرەبیدا مانای ئەوەیە هەولێر بووە هۆكاری ناساندنی تەواوی ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش دەروازەیەكی باشە بۆ ئەوەی ئاستی گەشتیاری لە هەولێر لەسەر ئاستی لۆكاڵ و دەوروبەرەوە بگۆڕێت بۆ ئاستی نێودەوڵەتی و لە هەموو جیهانەوە گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان بكات، بۆ ئەمەش لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەرنامەیدایە دەرگایەكی گەورە بەڕووی وەبەرهێنەراندا بكاتەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەم كەرتە گرنگە بكەن، بۆ ئەمەش بێجگە لەو پرۆژە گەشتیارییانەی ئێستا لە هاوینەهەواری شەقڵاوە و بێخاڵ و رواندز بوونیان هەیە، بەرنامەی پارتی بەوجۆرەیە شارێكی گەشتیاری لەسەر چیای سەفین دروست بكات، ئەم شارە ماستەر پلانەكەی تەواو بووە و ئامادەیە بۆ ئەوەی لە رێگەی وەبەرهێنان بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.
پرۆژەكانی زێراب و ئاوەڕۆ لە هەولێر
لە ناو شاری هەولێر پرۆژەكانی ئاوەڕۆ بایەخی پێدراوە، بەڵام بەرنامەی پارتی بۆ هەولێر ئەوەیە كە پرۆژەیەكی سەرتاسەری ئاوەڕۆی هاوچەرخ دروست بكات، ئەم پرۆژەیە ماستەر پلانەكەی تەواو بووە و دەرخستەی بۆكراوە كە نزیكەی یەك ملیار دۆلاری تێدەچێت، بۆیە بەرنامەی بۆ دانراوە بەچەند قۆناخێك جێبەجێ بكرێت و من پێشبینی دەكەم ئەمساڵ لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە قۆناخی یەكەمی جێبەجێكردنی دەست پێبكات.
پرۆسەی پاككردنەوە
لە بەرنامەماندایە بایەخێكی تایبەت بە پرۆسەی پاككردنەوە بدەین نەك هەر لەناو شار، بەڵكو لە شارو شارۆچكەو گوندەكانیش، دیارە ئەمەش لەڕێی كۆمپانیاكانەوە دەبێت كە سەركەوتنی باشیان بەدەست هێناوە كە پێشتر شارەوانی ئەو كارەی ئەنجام دەدا، بۆ سەیرانگاكانیش كە كوردستان هەمووی سەوزاییە و خەڵكەكە رووی تێدەكەن، ئەو شوێنانە كراونەتە زۆن، وەك شەقڵاوەو مەسیف و مێرگەسۆر و سۆران، كە بۆ كۆمپانیاكان دیاریكراوە پاك دەكەنەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی كە چەند كارگەیەكی ریسایكلین لە مێرگەسۆرو سۆران و حەریر دروستكراوە بۆ پاككردنەوەی خاشاك.
بەرنامە بۆ گەنجان
پێویستە هەوڵ بدەین كۆمەڵگەیەكی خوێندەوار دروست بكەین، بەڵام مەرج نییە هەموویان لە كەرتی گشتی دابمەزرێن، سیاسەتی حكومەتی هەرێم و پارتی ئەوەیە كە دەرفەتی كار دروست بكەین، كار لەسەر ئەوە دەكەین كە لەكەرتی تایبەت دەرفەتی كار دابهێنین، لە سیاسەتی كەرتی تایبەت هەندێ جار وەكو پێویست ئەم هەلە نەبووە كە بە راستی تاكی كورد یان كوردستانی كە گەنجە كاردەكات و دەرچووی زانكۆیە بیر لە دامەزراندن نەكاتەوە، ئەگەر ئێمە بە سیاسەتی پرۆژەكانی وەبەرهێناندا بچینەوە كە گونجاو بێت لەگەڵ بەرژەوەندی ئەو گەنجانەی كە خاوەن ئەزموونن، رەنگە خەڵكەكە روو لەمە بكات و سوودمەندیش دەبێت.
خاوەن پێداویستی تایبەت
بەرنامەیەكی دیكەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بایەخدانە بە هاووڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەم بەرنامەیە دەستی پێكراوە و بەردەوامی دەبێت، بۆیە ئەگەر سەیری ئەو هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و باڵاخانە تازەكانی دامەزراوەكانی حكومەت بكەین، هەست دەكەین بایەخ بەم لایەنە دراوە و هەوڵدراوە ئەگەر كەمئەندامێك بە عەرەبانە هاتووچۆ بكات بتوانێت سەردانی ئەو شوێنانە بكات، هەروەها ئەگەر سەردانی ئەو شوێنانە بكەین كە لەلایەن وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی دروستكراون، دەبینین تا چ ئاستێك خزمەتگوزاری پێشكەش بە خاوەن پێداویستی تایبەت كراوە، هەروەها هەوڵدەدەین كە بە یاسا گوزەرانی ئەو توێژە دابین بكەین، چونكە مەسەلەیەكی مرۆییە، واتا بە سیستماتیك كردنی مامەڵەكردن لەگەڵیان كە لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتوو بگونجێت، بۆ نابیناو كورتەباڵا و نابیست و پەككەوتەو سەرجەم ئەو توێژە بەنیازین هەندێ ئیمتیازیان پێبدەین لە بواری خزمەتگوزاری، بۆ نموونە دەستكراوە بە دابینكردنی شوێنی تایبەت بۆ نانخواردنی ئەو خاوەن پێداویستیانە لە چێشتخانەكاندا، هەروەها لە زۆر شوێن وەكو هۆڵەكان و فڕۆكەخانەو نەخۆشخانەكان شوێنی تایبەت بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت دروست دەكرێت، تاكو لەرووی مرۆییەوە هەست بە كەمیی نەكەن.
بەرنامە بۆ رێگرتن
لە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان
بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رێبازی بارزانییە و گونجاوە لەگەڵ پرەنسیپەكانی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ و رێزگرتن لە ئافرەت، ئەگەر سەیری مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین دەبینین رۆڵی ئافرەتی بەرز نرخاندووە، وەكو پارتی پشتگیریمان لەو یاسایانە لەپەرلەمان كردووە كە لەبەرژەوەندیی ئافرەتاندا بووە، هەروەها كاردەكەین كە مامەڵەكردن لەگەڵ ئافرەت مەدەنیانەو سەردەمیانە بن، رەچاوی پێگەی ئافرەتان بكرێت و پشتگیریی لەو رێكخراوانەش دەكەین كە داكۆكی لە ئافرەتان دەكەن، ئەگەر وانەبووایە هەر دروست نەدەبوون، دیارە ئەمەش بە حوكمڕانی پارتی ئەو دەرفەتانە هاتۆتە ئاراوە. بۆ ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگای هەولێریش بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە رێژەیەكی زۆری ئافرەتان لە سەرۆك شارەوانی و بەڕێوەبەراتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەران دابنرێت، لەو جۆرانەشمان زۆر هەیە لە هەندێ فەرمانگە، بۆیە پشتگیریكردنی ئافرەتان نابێ تەنیا لەسەر بنەمای ئەوەبێت كە ئافرەتەو بەس، بەڵكو پشت بە تواناو لێهاتووییان ببەسترێت، بۆیە نابێ ئەوانەی بێ توانان ئەو پلەو پایەیان پێ بدرێت، پیاویش بە هەمان شێوە، وەكو لقی دووی پارتی مافی خۆشمانە كە لە هەڵبژاردن سەركەوتن بەدەست بێنین لە پارێزگا ئافرەت و پیاوی بەتوانا بۆ شوێنی گونجاو دابنێین، بەڵام زیاتر پشتیوانیی لە ئافرەتان دەكەین. لە رابردوودا ئەزموونمان لەو بوارەدا هەیە و چەند بەڕێوەبەری ناحیەمان داناوەو هەوڵدەدەین لە داهاتوودا قایمقام و بەرپرسی دیكەی ئیداریش لە ئافرەتان دابنێین.
بەشداری فراوانتان چارەنوسی هەولێر
دیاری دەكات
دوای 48 سەعاتی دیكە كە دەچینە سەر سندوقی دەنگدان، پەیامی من بۆ هەولێر ئەوەیە كە لە هەڵبژاردنی رابردوودا تێبینیمان لەسەر رێژەی بەشداریكردن هەبوو، 70% بەشداریان كردبوو، تموحی زیاترمان هەبوو، لەسەنتەری شار لە 21/9/2013 رێژەی 67،13% بەشداری كردبوو، بەڵام ئێستا بەپێی دوا زانیاری نزیك بووە لە 90% كە كارتی زانیارییان وەرگرتۆتەوە، بۆ ئەنجومەنی پارێزگا كار بۆ ئەوە دەكەین پارتی بە تەنیا لە هەولێر50+1 بێنین، تاكو بتوانین وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پرۆژانەی ماون لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە جێبەجێیان بكەین.
Top