پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێم و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
هاووڵاتیانی ئازیزی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
سوپاس بۆ خودا و ئێوەی ئازیز جارێكی دی ئەو دەرفەتە هاتە ئاراوە كە خەڵكی خۆشەویستمان لەڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە بڕیار لە ژیانی سیاسی و بەڕێوەبردنی خۆیان بدەن. لەم قۆناغەدا بەشداریكردنتان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گرنگییەكی تایبەت و مێژوویی هەیە و سەنگی سیاسیی كورد لە عێراق بەهێزتر دەكات. بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كورد و ڕووبەڕووبوونەوەی ناحەزانی گەلی كورد لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا داواتان لێ دەكەم بە جۆش و خرۆشەوە بەشدار بن و نوێنەرەكانتان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێرن.
خۆشەویستان
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باشتربوونی بەڕێوەبردنی شار و شارۆچكەكان و خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان و هەروەها قووڵتربوونی كولتووری دیموكراسی لەنێو كۆمەڵگەدا دەبێت. داواتان لێ دەكەم بە فراوانترین شێوە بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بن و دەنگ بەو كەسانە بدەن كە دەتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی وڵاتەكەمان بكەن.
بە پێویستی دەزانم داوا لە لایە پەیوەندیدارەكان و دەزگەكانی ئاساییش و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و گشت هاووڵاتییە بەڕێزەكان بكەم كە هەوڵ بدەن هەڵبژاردنەكانی ڕۆژی 30 نیسان بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت و وێنەی شارستانی و سەردەمییانەی كوردستان پێشانی جیهان بدەن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
27ـی 4ـی 2014
