ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یادى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردى پیرۆز ده‌كات

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یادى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردى پیرۆز ده‌كات
له‌ یاد‌ی 22ى نیسان؛ 116ه‌هه‌مین ساڵیادى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردیدا، له‌ دڵه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ته‌واوى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌ین و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامى بۆ‌ ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌كه‌یان ده‌خوازین.

116 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ 22ی نیسانی 1898 كاتێك (كوردستان) یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ى كوردى له‌ لایه‌ن خاوه‌نى خامه‌ى زیندوو میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان و خانه‌واده‌ نیشتیمانپه‌روه‌ركه‌یانه‌وه‌ ده‌رچوو، ڕۆژێكی مه‌زن له‌ مێژووى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى ڕۆژنامه‌وانى و كولتووریى كوردستاندا تۆمار كرا كه‌ بووه‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مى خه‌باتی خامه‌ و تۆكمه‌كردنى بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان به‌ هێزى نووسین و ڕۆشنبیرى و هه‌ڵنانى هه‌نگاوى یه‌كه‌مى كاروانی ڕۆژنامه‌گه‌رى‌ له‌ كوردستان. هه‌ر له‌وساوشه‌وه‌ به‌ درێژایى مێژووى شۆڕشه‌كانى كوردستان، ڕۆژنامه‌نووسان و خامه‌به‌ده‌ستانى گه‌له‌كه‌مان وشه‌ و ڕۆژنامه‌یان كردووه‌ته‌ چه‌ك و شانبه‌شانى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، ڕووبه‌ڕووى دوژمن بوونه‌ته‌وه‌ و له‌پێناو ئازادیدا جه‌نگاون و قوربانییان داوه‌.

مایه‌ى ئه‌وپه‌ڕى شانازیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌ركێكى هه‌ره‌ له‌پێشى خۆى ئازادیى ڕۆژنامه‌وانى به‌بێ هیچ سانسۆرێك فه‌راهه‌م كردووه ‌و یاساى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان؛ ئازادیى ڕاده‌ربڕن و ئازادیى كارى میدیایى و ڕۆژنامه‌گه‌رى به‌ شێوه‌یه‌ك پاراستووه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى جیهان و ناوچه‌كه‌دا؛ وێنه‌ى كه‌مه.

له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا هیواخوازین ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان له‌ گه‌یاندنى په‌یامى ڕاست و دروستى ڕۆژنامه‌وانى به‌رده‌وام بن و خۆیان له‌ تانه ‌و ته‌شه‌ر و ناوزڕاندن بپارێزن، تا له‌ سایه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ی له‌ كوردستان هه‌یه‌، قه‌ڵه‌مه‌كانیان بۆ‌ خزمه‌تی پێشخستنی كۆمه‌ڵگه‌ بخه‌نه‌ گه‌ڕ. هه‌روه‌ها به‌ چاوى ڕێزه‌وه‌ له‌ ڕۆڵى سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌ڕوانین كه‌ بووه‌ته‌ پارێزه‌ر و داكۆكیكارى‌ مافه‌كانى ڕۆژنامه‌نووسان و ئازادیى ڕۆژنامه‌گه‌رى له‌ كوردستان.

ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردى له‌ هه‌مووان پیرۆز بێت و سه‌رى ڕێز نه‌وازش بۆ شه‌هیدانى قه‌ڵه‌م و ڕاستى داده‌نوێنین.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان

22ى نیسانى 2014
Top