پەیامی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی بیستەمین ساڵیادی گۆڤاری(گوڵان)
هەڤاڵان، سكرتێری نووسین وتێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین وهونەریی لە گۆڤاری(گوڵان)
لە 22 نیسانی هەموو ساڵێكدا ساڵیادی دەرچوونی (گوڵان) دەكەینەوە، بەر لەهەر شتێك بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرمتان لێدەكەین، پیرۆزبایی لەو خوێنەرانە دەكەین بەپەرۆشەوە هەفتانە چاوەڕێی دەرچوونی گۆڤارەكەتان دەكەن، دەستی هەوڵ و كۆششتان بۆ پێشخستنی رۆژنامەگەریی كوردی دەگوشین.
گۆڤاری(گوڵان) خاوەن پەیامێكی دیار و رۆشنبیریی روونە لەسەر گۆڕەپانی رۆژنامەوانی كوردیدا، بۆیەش تائەمڕۆ بەو بەخشش و داهێنانەی بەردەوامەو بەشایەتی دۆست و نەیارانی پێگەی شایستەو پتەوی خۆی لە بواری رۆژنامەوانیدا گرتووە.
كاروانی رۆژنامەوانیمان تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە هەوڵ و هیممەت و قوربانیدانی زۆری داوە گۆڤاری(گوڵان)یش لەو قافڵە دوورودرێژەدا ئەزموونێكی گەش و تازەی هێنایە ئاراوەو سەلماندی، كە تایبەتەمەندیی خۆی هەیە لە خزمەتگەیاندن بە بواری رۆشنبیریی و مەعریفیمان، لە خستنەڕوو و گەیاندنی پەیامی رەوای ئەو ئەزموونەمان بە دەوروبەرو جیهان.
بونیاتنانی كاری رۆژنامەوانیی و سازدانی بە شێوەیەكی پیشەوەرانە بۆ سەر مەیدانەكە دەستپێك لە(گوڵان)ەوە بوو، ئەوسا گوتاری رەخنەگرانە بۆ خزمەتگەیاندن بە پرسە گرنگەكان پیادەكراو زەوینەیەكی ساغ و دروستی رەخساند بۆ رەخنەو مامەڵەكردن لەگەڵ واقیع و دیاردەكاندا، مەبەستیش برەودان بوو بە لایەنە ئیجابیەكان و رەوشی سیاسی و بەرەوپێشبردنی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان.
هەڤاڵانی بەڕێز: گۆڤاری(گوڵان) كە پێ دەنێتە بیست و یەك ساڵەوە، بەو سیستەم و كارنامە رێكوپێكەی لە بواری رۆژنامەوانیی دا و بەردەوام بوونی لە برەودان بە كوولتوری مەعریفی و هزری دا، خانەیەكی شایستەی لە كتێبخانەی كوردی بە گشتی و بواری رۆژنامەوانیی بەتایبەتی گرت، ئەمەش بە هۆی بڕیارێكی سیاسیانەی بوێرو پشتیوانی و هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك بوو هەر لە دەستپێكی كاركردنییەوە تاكو ئەمڕۆ، لێشمان مسۆگەریشە هەر بەردەوام دەبێت و لەئاییندەشدا هەنگاوی چاكترو كاریگەرتر دەنێت.
كاری رۆژنامەوانیی و رۆشنبیریی گۆڤارەكەتان، وێرای ئەو بەرهەم و دەسكەوتانەتان، زیاتر هەوڵ و قوربانیدانی دەوێ بۆ ئەوەی بەراستی نموونەیەكی زیندوو و پێشەنگ بێ بۆ خزمەتگەیاندن بە تاكەكەسی كوردو كۆمەڵگەكەمان و برەودان بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.
جارێكی دیكە دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ئێوەو خوێنەرانتان و خۆمان دەكەین.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
