دەمانەوێت دەنگ بدەنە پارتی بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە بۆ كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە ئاراوه سوودی لێ ببینرێت

دەمانەوێت دەنگ بدەنە پارتی بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە بۆ كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە ئاراوه سوودی لێ ببینرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان عەبدولخالق بابیر بەرپرسی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: لەماوەی‌ 10 ساڵی رابردودا تەنیا سەرۆك مسعود بارزانی و سەركردایەتی پارتی و كادیرەكانی نەبێت كەس باسی دەوڵەتی كوردی نەكردووە، پارتی ئەم تێگەیشتنەی هێنایە نێو كۆمەڵگا بە گشتی، كۆمەڵگاو رێكخستنەكانی كوردیی لە چەمكی دەوڵەتبوون نزیك خستەوە‌، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستان لای هەموو لایەك روون و ئاشكرایە، لەم هەڵبژاردنەشدا ‌پەیامی ئێمە ئەوە نییە كە پارتی تەنا ببێتە حوكمڕان، چونكە پارتی بایی ئەوەندە دەنگی هەیە حوكمڕانی كوردستان بكات، بەڵام چەند پرسێكی ستراتیژی هەیە، ئێمە دەمانەوێت دەنگ بدەنە پارتی بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە ئاراوه سوودی لێ ببینرێت‌، تەنیا بە تێگەیشتنی سەرۆك مسعود بارزانی دەتوانرێ ئەم دەرفەتە بگەیەنرێتە قۆناغی كۆتایی و ئەو كیانە نەتەوەییە بونیاد بنرێت، بۆیە بانگەوازی ئێمە ئەوەیە كە هاووڵاتیان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بۆ هێنانەدی خەونی مێژوویی گەلی كورد دەنگ بە پارتی بدەن، هەروەها دەنگدان بە پارتی لەم قۆناغەدا زەروورەتێكە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتێك بۆ سەرۆك بارزانی.

هەروەها عبدالخالق گوتی: لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆ بۆ گەلی كوردستان گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان بە هێزەوە بێتە مەیدان، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر باسی سیاسەتی ئەمنی پارتی بكەین، ئەوا ئاشكرایە سیاسەتی پارتی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاووڵاتیانە، من لێرەدا باس لە نموونەیەك دەكەم، قەزای فایدە دەكەوێتە نێوان پاریزگای دهۆك و پارێزگای نەینەوا، لەم قەزایە چونكە پارتی سەرپەرشتی دەكات و سەقامگیری دابینكردووە، ئەوا دەبینین لە فایدە ئەمن و ئاسایش بەرقەرارە، خەڵك بە ئاسایی ژیانی رۆژانەیان دەگوزەرێنن، منداڵەكانیان دەچن بۆ قوتابخانە، سەردانی بازاڕ دەكەن، سرووت و رێوڕەسمە ئایینیەكانی هەموو پێكهاتەكان بە ئازادی جێبەجێ دەكرێن، بەڵام ئەگەر لە فا‌یدیەوە بەرەو موسڵ بچیت كە چەند كیلۆمەترێك لێی دوورە دەبینی كوشتن و سووتان و تاڵان و تیرۆر و تۆقاندنە، خەڵك ناتوانێ تەنانەت بچێ بۆ بازاڕ و منداڵەكانیان لە قوتابخانە بێبەشن، كەس ناتوانێ بە ئازادی سرووتی ئایینی خۆی جێبەجێ بكات، ئەمەش بۆ سەركەوتنی سیاسەتی ئەمنی پارتی دەگەڕێتەوە.

لەلایەكی ترەوە بابیر باسی دەروازەی سێمێلكاني كرد گوتی: بۆ پاراستنی سنورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و بۆ ئەوەی تیرۆریستان نەتوانن لە سنورەكانەوە دزە بكەنە ناو هەرێمی كوردستان، خەندەقێك هەڵكەنراوە بۆ ئەوەی هاتوچۆ لە نێوان رۆژئاواو هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی یاسایی بێت و سەقامگیری كوردستان پارێزراو بێت، بەڵام بەداخەوە زۆر لایەنی كوردی مەسەلەی هەڵكەندنی خەندەقیان بۆ مەرامی تەسكی خۆیان قۆستۆتەوە، بەوەی گوایە حكومەتی هەرێم، دوو پارچەی كوردستان جیا دەكاتەوە، بێگومان ئەمە بوختانێكی زۆر گەورەیە و پارتی پێ تۆمەتبار دەكەن، بێگومان ستراتیژی ئەوانە ئەوەیە ترسیان لەوە هەیە لەم هەڵبژاردنەدا پارتی وەكو هێزێكی زۆر گەورە دەركەوێت و پرۆژەی نەتەوەیی هەنگاوی زۆری ناوەو هەروەك سەرۆك بارزانی پێش چەند رۆژێك رایگەیاند (دەوڵەتی كورد لە رێگایە)، بۆیە ئەوان بۆ دژایەتی ئەم پرۆسە نەتەوەییە دژایەتی پارتی دەكەن و پێیانوایە دەتوانن بەم قسانە میللەتی كورد هەڵبخە‌ڵەتێنن، لەبەر ئەوەی دەروازەی سێمێالكا بە رەسمی لە نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان كراوەیە و ئەوانەی دژی خەندەق پروپاگەندە دەكەن خۆیان كۆنترۆڵی دەروازەكەیان بە دەستە لەلای رۆژئاوای كوردستان و هەموو كەسێك دەتوانێت بە ئازادی هاتوچۆ بكات.





درێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(973)
Top