ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی
نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو و سەرەتا بەرهەم ساڵح رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەكەیاندا بە دوورودرێژی باسی پێكهێنانی حكومەتیان كردووەو هەردوولا هاوڕابوون لەسەر زووبەزوو پێكهێنانی حكومەتێكی بنكە فراوان.
گوتیشی "كۆمەڵێك ئاستەنگ لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت هەیە، بەتایبەت پشكەكانی یەكێتی".
بەرهەم ساڵح رایگەیاند "باسی پۆستی وەزارەتی ناوخۆمان كردووە و سوورین لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتەو سبەی هەردوولامان ئەنجامی ئەم كۆبوونەوەیە تاوتوێ دەكەین".
لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی جەختی لە بەشداریكردنی یەكێتی لە كابینەی هەشتەم كردەوەو گوتی "بە پێویستی دەزانین یەكێتی بەشداری كابینەی داهاتوو بكات و پێویستە".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی "كۆبوونەوەكەمان زۆر بە راشكاوی بووە، هەستمان بەوەكرد هەردوولامان پەرۆشین بۆ پێكهێنانی حكومەت و گفتوگۆكەشمان هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە، یەكێتیش بەپێی وەزعی خۆیان بۆچوونی خۆیان هەیەو ئێمەش رێز لە بۆچوونەكانیان دەگرین".
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش سەبارەت بە پێداگریی یەكێتی لەسەر وەزارەتی ناوخۆ، بەرهەم ساڵح گوتی "بەڵێ ئێمە سوورین لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتەو هەڵوێستیشمان روونە، دەمانەوێت حكومەتی داهاتوو هاوسەنگ بێت و شایستەی پێگەی سیاسیی یەكێتی بێت، بەجدییش كاردەكەین لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكە بۆ ئەوەی بەم ئامانجە بگەین".
سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری یەكێتی ئاماژەی بەو هەواڵانە كرد كە دەگوترێ یەكێتی نیگەرانە لە رێككەوتنی پارتی و لایەنەكان بەتایبەت گۆڕان. ئەو رەتیكردەوە حیزبەكەی نیگەران بێت لەو رووەوەو گوتی "ئێمە لە رۆژی یەكەمەوە جەختمان لە حكومەتی یەكڕیزیی نیشتمانی كردووەتەوە".
هەر لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری پارتی و راسپێردراوی ئەو حیزبە بۆ پێكهێنانی حكومەت جەختیكردەوە، كە بۆچوونی یەكێتی و پارتی جیاوازە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ و رایگەیاند "پرسیار و وەڵاممان بۆ یەكتری هەیەو وەڵامی یەكتر دەدەینەوە".
سەبارەت بەوەشی كە بڕیارە ئەم هەفتەیە دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و لە ئەگەری رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی و بەدەمەوەنەهاتنی یەكێتی بۆ ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان، نێچیرڤان بارزانی گوتی "هەوڵدەدەین لەم یەك دوو رۆژەدا بگەینە رێككەوتن بۆ دانیشتنی پەرلەمان".
رووداو
