قایمقامی سلێمانی: لێكۆڵینەوەمان لە رووداوەكەی لقی 4ی پارتی دەستپێكردووە
ئاوات محەممەد، قایمقامی مەركەزی قەزای سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە تایبەت بە خستنەڕووی چالاكییەكانی هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی و كاری داهاتوویان بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان رێكخرابوو، رایگەیاند، كە ئەوان پلانی ئەمنی تووندوتۆڵیان داڕشتووە بۆ ئەو ماوەیەی بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ماوەو گوتی "بڕیارمانداوە لەو شوێنانەی قەرەباڵغی دروستدەبێت و بانگەشەكارانی لایەنە سیاسییەكان كۆدەبنەوە ژمارەی هێزە ئەمنییەكان زیادبكەین، وەك شەقامی سالم، گردی زەرگەتە و شەقامی تووی مەلیك".
ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەماوەی رابردوودا چەندین سەرپێچی تۆماركردووە، كە لەلایەن بانگشەكاران و كیانە سیاسییەكانەوە كراوەو گوتی "296 بەڵگەنامەی سەرپێچی تۆماركراوەو 54 ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەردا گیراوە". گوتیشی "بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو سەرپێچی شارەوانی كەمتر كراوەو تارادەیەك لایەنەكان پابەندن بە رێنماییەكانی كۆمیسیۆن و شارەوانییەوە".
سەبارەت بە رووداوكەی شەوی رابردووی شەقامی سالم، كە لەلایەن چەند ئۆتۆمبێلێكەوە تەقە لە بارەگای لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان كرا، ئاوات محەممەد گوتی "لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو رووداوە پێكهێنراوەو لە ئەمڕۆوە دەستبەكاردەبن". ئومێدی خۆیشی دەربڕی بەوەی لیژنەكە بە هاوكاریی هێزە ئەمنییەكان بگاتە سەرەداوێك و رووداوەكەشی بە "دەستێكی رەش" وەسفكردو گوتی "لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێك نییە".
قایمقامی سلێمانی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی سەبارەت بەو رووداوە بەرزنرخاند و گوتی "پێویستە هەموومان بە ئاراستەی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەت كاربكەین، كە داوایكرد هەموو لایەنەكان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن".
رووداو
