514 پەناخوازی رۆژئاوای كوردستان سەردانی مەزاری نەمران دەكەن

514 پەناخوازی رۆژئاوای كوردستان سەردانی مەزاری نەمران دەكەن
بەمەبەستی نوێكردنەوەی پەیمان و ستایشكردنی خەبات و تێكۆشانی باوكی رۆحی نەتەوەیی كورد (بارزانیی نەمر) و هەوڵ و ماندوبوونەكانی لەپێناو یەكخستنی پارچەكانی كوردستان و ناساندنی دۆزی رەوای گەلی كورد بەهەموو جیهان، لەرێوڕەسمێكدا 514 هاووڵاتی دانیشتووی شەش كەمپی هەرێمی كوردستان، لەڕێگای دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە سەردانی مەزاری نەمران و مەكۆی كوردایەتی لە دەڤەری بارزانیان كرد.


رۆژی 19/4/2014 لەدرێژەی كارو چالاكییە جۆراوجۆرەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهەماهەنگی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی كەمپەكان لەسەر داوای زۆرێك لە دانیشتوانی كەمپەكانی (قوشتەپە، دارەشەكران، كەورگۆسك، خێرخوازیی بارزانی هەستا بەرێكخستنی گەشتێكی نوێكردنەوەی وەفا و دڵسۆزی بۆ باوكی رۆحی نەتەوەیی كورد لە دەڤەری بارزان كە تیایدا 514 هاووڵاتی دانیشتووی كەمپەكان بەشداریان لەو گەشتەداكرد.



پاش گەیشتنیان بە بارزان و مەزاری نەمران، لەلایەن پەناخوازانەوە چەندین چالاكی و وتارو شیعر خوێندنەوە پێشكەشكران كە سەرجەمیان باسیان لە ژیانی مرۆڤدۆستی و خەبات و قوربانیدانی باوكی رۆحی نەتەوەیی كورد بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیادیان دەكرد كە لەژیانی خەبات و تێكۆشانیاندا لەپێناو گەیشتن بە مافە رەواكانی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان بەردەوام بوونە و هانی كوردانیان داوە لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكانیان خەبات بكەن. هەروەها لەو مەراسیمەدا چەندین وتار و پەخشان و شیعر خوێندنەوەو چالاكی جۆراوجۆ پێشكەشكران.
Top