ده‌قی وتارى نێچیرڤان بارزانى له یادی رۆژی ژینگه‌دا
دواى ئه‌وه‌ى له لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى و كاندیدانى پارتییه‌وه ژماره‌یه‌كى به‌رچاوى دار و دره‌خت له‌و پاركه چینران، نێچیرڤان بارزانى له وته‌یه‌كى كورتدا ئاماژه‌ى به‌وه دا كه ئه‌مڕۆ، وه‌ك زۆر له ڕۆژه‌كانی دیكه‌ی به‌هار له كوردستان، یادی خۆش و ناخۆش پێكه‌وه‌ین. ڕۆژی دارچاندن و یادی ده‌ستپێكی هێرشی چه‌كی كیمیاییى دژی خه‌ڵكی بێ گوناهی بالیسان. بۆیه ده‌بێ هه‌رگیز ئه‌و كاره نامرۆییانه‌ی ڕژێمی به‌عس له‌بیر نه‌كرێت و له هه‌مان كاتدا، نه‌مام و داری هیوا بۆ كوردستان و نه‌وه‌ی ئاینده بچێنرێن.
به‌یانیتان باش،
هه‌موو لایه‌ك به‌خێر بێن،
ئه‌مڕۆ، وه‌ك زۆر له ڕۆژه‌كانی دیكه‌ی به‌هار له كوردستان، یادی خۆش و ناخۆش پێكه‌وه‌ین، ڕۆژی دارچاندن و یادی ده‌ستپێكی هێرشی چه‌كی كیمیاییى دژی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستى بێ گوناهی بالیسانه.
ئێمه ده‌بێ هه‌رگیز ئه‌و كاره نامرۆییه‌ی كه ڕژێمی پێشووى به‌عس دژ به گه‌لى كوردستان كردى قه‌ت نابێ فه‌رامۆش بكه‌ین. ده‌بێ هه‌میشه له‌بیرمان بێ و بیكه‌ینه وانه‌یه‌ك بۆ ئاینده‌ى خۆمان. له هه‌مان كاتدا، نه‌مام و داری هیوا بۆ كوردستان و بۆ نه‌وه‌ی ئاینده بچێنین.
هه‌ر ئه‌مڕۆ، ڕێكه‌وته له‌گه‌ڵ جه‌ژنى خوشكان و برایانى ئێزدى، هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا به‌ناوى كاندیده‌كانى پارتى دیمو‌كراتى كورستان له هه‌موو شوێنێك له سه‌رتاسه‌رى كوردستان، ده‌مه‌وێ به ناوى ئه‌وان و به ناوى خۆم و به ناوى سه‌ركردایه‌تیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و سه‌رۆك بارزانى، جه‌ژنى سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردانى ئێزدى پیرۆز بكه‌م و هیواى ژیانێكى خۆش و كامه‌رانى و به‌خته‌وه‌رى بۆ هه‌موویان ده‌خوازین، له‌م بۆنه‌یه‌دا له خۆشى و له جه‌ژنى ئه‌واندا هه‌موو ئه‌مڕۆ به‌شدارین و جه‌ژنى هه‌موو لایه‌كیان پیرۆز بێت.
له ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، چاندنی نه‌مام و دار وه‌ك ده‌سپێكی پڕۆسه‌ی دیموكراتییه له كوردستان. نه‌مامی دیموكراتی، هۆشیاری و شاره‌زاییی تایبه‌تی پێویسته. پڕۆسه‌ی دیموكراتی وه‌ك نه‌مامی تازهچێندراو، ده‌بێ كه‌شوهه‌وای گونجاوی بۆ ئاماده بكرێت. بێگومان بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و كه‌شوهه‌وایه، پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مه‌ی پێ ده‌كرێت و له ڕابردووش‌دا چالاكانه كاری بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كردووه.
ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ی دیموكراسی له خۆمان تێك بده‌ین، ناتوانین له سێبه‌ری دیموكراتیدا پشوو بده‌ین، ناتوانین ئایندهی گه‌له‌كه‌مان به‌ره‌و گه‌شبینی به‌رین، ناتوانین ماڵی خۆمان ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه. بۆ زامنكردنی دیموكراتی له وڵاته‌كه‌ماندا، با پێكه‌وه هه‌موو لایه‌كمان ده‌نگ بده‌ین بۆ په‌رله‌مانی عێراق تا بتوانین سیسته‌می فیدرالی، دیموكراتی و فره‌یی له وڵاتى عیراقدا بچه‌سپێنین. تا بتوانین سه‌قامگیری و ئاسایشی كوردستان بپارێزین. تا پێكه‌وه گه‌شه‌ی ئابووریى هه‌رێمى كوردستان ببه‌ینه ئاستێكی به‌رزتر. تا بتوانین كه‌شوهه‌وای سیاسیی پتر له‌سه‌ر بنه‌مای سنگفراوانی، به‌هێزتر بكه‌ین. پارتی دیموكراتی كوردستان بێگومان ئه‌مه‌ی پێ ده‌كرێت و له ڕابردووش‌دا چالاكانه كاری بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كردووه.
بۆ نزیككردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و خزمه‌تگوزاری، با پێكه‌وه ده‌نگ بده‌ین بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، تا بتوانین پڕۆسه‌ی دیموكراتی له هه‌رێمى كوردستان به‌هێز بكه‌ین. ده‌نگدان بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كاری حكوومه‌تی هه‌رێم ئاسانتر ده‌كات، خزمه‌تگوزاری به‌ره‌و پێشتر ده‌بات، گه‌شه‌ی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له پارێزگاكان ڕاسته‌وخۆ ده‌باته سه‌ر ئاستی گونجاوی پارێزگاكان. پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مه‌ی پێ ده‌كرێت و له ڕابردووش‌دا چالاكانه كاری بۆ كردووه.
ئه‌مڕۆ به‌نده له‌گه‌ڵ چه‌ند كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌مام ده‌چێنین، ئه‌مه بۆ ئێمه هێمای پته‌وكردنی پڕۆسه‌ی دیموكراتییه له هه‌رێمى كوردستاندا. پارتی هه‌ر له سه‌رتاوه خه‌باتی بۆ هێنانه‌كایه‌ی دیموكراسی له كوردستاندا كردووه.
ده‌نگ بده‌ن به كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا دیموكراتی، فیدرالیزم، سنگفراوانی، پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتی له كوردستان و له عێراقدا پته‌وتر بكه‌ن. پێم وایه له هه‌مووشى گرنگتر، بۆ بهرگهگرتنهى كه پارتى هه‌یه‌تى ده‌نگى پێ بده‌ن. ده‌نگی ئێوه بۆ پارتی، ده‌نگدانه بۆ كوردستانێك تێیدا دیموكراتی به‌رقه‌رار ده‌بێت و حزبێكه كه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور ده‌پارێزیت. ده‌نگ بده‌ن به پارتی دیموكراتی كوردستان تا چه‌ندین نه‌مامی هیوا بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ كوردستان بچێنین.
به هیواى ئه‌وه‌ى كه ده‌نگده‌رانى كوردستان له ڕۆژى ده‌نگداندا بچنه سه‌ر سندۆقى ده‌نگدان و بیگومان ده‌نگ به‌و لایه‌نه بده‌ن كه كوردستان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى گه‌شتر ده‌بات. لێره‌وه ده‌مه‌وێ ڕووى قسه‌م له هاووڵاتیانى خۆشه‌ویستى كوردستان بكه‌م، به‌تایبه‌تیش شارى هه‌ولێر، ده‌مه‌وێ پێان بڵێم بۆ چه‌ند ساتێك بیر له ڕابردووى ئه‌م شاره بكه‌نه‌وه، با بزانن له چ بارودۆخێكه‌وه گه‌یشتووینه‌ته چ قۆناغێك. بێگومان ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ پێى گه‌یشتووین له ئه‌نجامى ئه‌و سیاسه‌ته‌یه كه پارتى دیمو‌كراتى كوردستان دایڕشتووه.
ئه‌و سه‌قامگیرى، ئارامى، ئاسایش، ئاوه‌دانییه له ئه‌نجامى ئه‌و سیاسه‌ته‌یه كه پارتى دایڕشتووه، به‌ڵام بێگومان ئه‌وانه‌ى كه جێبه‌جێیان كردووه، ئه‌م به‌ڕێزانه بوون. ئه‌مانه‌ى كه كاره‌كانیان كردووه ئه‌م به‌ڕێزانه‌ن كه ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م ئێوه هه‌موومان ڕاوه‌ستاوین، به هیواى ئه‌وه‌ى كه ڕۆژى ده‌نگدان هه‌موومان پێكه‌وه به‌ره‌و سندۆقى ده‌نگدان بچین و ده‌نگ به‌و لایه‌نه بده‌ین كه سه‌قامگیریى زیاتر، ئاشتیى زیاتر، ئاوهندانیى زیاتر بۆ ئه‌م وڵاته به‌دى ده‌هێنێت. بێگومان ئه‌وه ده‌بینین پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ئه‌و لایه‌نه‌یه كه ده‌توانێ وه‌كوو خزمه‌تكارى ئه‌م میلله‌ته؛ ئه‌و ئامانجه به‌دى بێنێت.
ئه‌وه‌ى كه له دڵمدایه و ده‌مه‌وێ دووباره بیڵێمه‌وه، له هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا وه‌كوو پارتى ده‌بێ ئه‌وه بزانین كێشه‌ى گه‌وره ئه‌وه‌یه كه زۆر جار كه‌متر ده‌چن بۆ سه‌ر سندۆقى ده‌نگدان، ئه‌مه به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى ئه‌خلاقى، مێژوویى و وه‌ڵامێكه بۆ خه‌باتى ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌مڕۆ ئێمه له سایه‌ى ئه‌و خه‌باته، له سایه‌ى ئه‌و خوێنه، له سایه‌ى ئه‌و قوربانیدانه، ئه‌م ڕۆژه‌مان هه‌یه. ئه‌مڕۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ى ده‌كه‌وێته سه‌ر شانمان ئه‌وه‌یه ڕۆژى ده‌نگدان هه‌موومان بێ جیاوازى، بێ ئه‌وه‌ى بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه ئه‌مه پیره‌ژنه، یان پیره‌مێرده، هه‌ر كه‌سێك كه ده‌توانێ و مه‌رجى ئه‌وه‌ى تیادایه بچێته سه‌ر سندۆقى ده‌نگدان، داوا له ده‌نگده‌رانى پارتى ده‌كه‌م بچنه سه‌ر سندۆقى ده‌نگدان.
ئه‌مڕۆ كێشه‌كان له كوردستان وا ده‌ڕوات كه چاره‌سه‌رى كێشه‌كان به‌ره‌و سندۆقى ده‌نگدانه، پرۆسه‌یه‌كى دیموكراسییه، ئێمه ده‌بێ چۆن پێشتر له خه‌باتدا سه‌لماندوومانه له سه‌نگه‌رى پێشه‌وه بووین، له پرۆسه‌ى دیموكراسیشدا ده‌بێ پارتى پێشه‌نگ بێ و له پێشه‌وه بێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، پێویسته ڕۆژى ده‌نگدان، هه‌موو كه‌سێك ئه‌وه‌ى كه ده‌توانێ بچێته ده‌نگدان، بێ دوودڵى، هه‌ر ده‌نگێگ بۆ ئێمه گرنگه، بۆ ئه‌وه‌ى له‌م پرۆسه‌یه‌دا سه‌ربكه‌وین. هیوادارم هه‌موو تاكێك هه‌ست به‌و به‌رپرسیاریه‌تیه بكه‌ن له كوردستان و ڕۆژى ده‌نگدان له‌سه‌ر سندۆقهكان ئاماده بن. بێگومان داوا ده‌كه‌م ده‌نگ به لیستى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بده‌ن بۆ پارێزگاكان و بۆ په‌رله‌مانى عیراق.
به هیواى سه‌ركه‌وتنى هه‌موو لایه‌كتان و به پشتیوانیى خوا له ده‌رفه‌تى ئاینده‌شدا یه‌كتر ده‌بینینه‌وه. دڵنیام ئێوه ده‌توانن خزمه‌تى زیاترى هاووڵاتیان بكه‌ن، دڵنیام ئێوه ده‌توانن قۆناغێكى نوێ له ئاوه‌دانكردنه‌وه و له پێشخستنى وڵاتى خۆتان، شارى خۆتان، پاریزگاى خۆتان كه ئه‌مڕۆ ئێمه له هه‌ولێر كۆبووینه‌ته‌وه، دڵنیام ئێمه شاهیدى ئه‌وه ده‌بین كه قۆناغێكى نوێ ده‌ست پێده‌كات، چونكه پێشتریش ئێمه ئه‌م ئه‌زموونه‌مان هه‌بووه و به هیممه‌تى دڵسۆزان و به هیممه‌تى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه شه‌و و ڕۆژ خه‌باتیان كردووه له‌پێناو ئاوه‌دانیى ئه‌م وڵاته، هه‌ولێرمان گه‌یاندووه‌ته ئه‌م قۆناغه.
هه‌ر لێره‌وه سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ ئه‌و هه‌موو خه‌باتكارانه، بۆ ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه، بۆ ئه‌وانه‌ى كه له‌م ڕێگه‌یه ماندوو بوون، خوێنیان دا، خه‌باتیان كرد، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ ئه‌وان دابنوێنین و به پشتیوانیى خوا، هه‌میشه شاهیدى ئه‌وه بین كه كوردستان به‌ره‌و خۆشى و ئاوه‌دانى و گه‌شه‌ى زیاتر بچێت. به هیواى سه‌ركه‌وتنى هه‌موو لایه‌كتان، سه‌ركه‌وتوو بن، به‌خێر بێن.
