ئارام ئەحمەد: پێویستە بانگەشەی هەڵبژاردن رابگیرێ
ئارام ئەحمەد بەناوی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رایگەیاند، "سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفال و گشت شەهیدان دادەنەوێنین".
وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان گوتیشی: "ئەمڕۆ 26 ساڵ بەسەر یادی ئەنفالدا تێپەڕ دەبێت، كە یەكێكە لە دڕندانەترین تاوانی دژ بە خەڵكی كوردستان، كە رژێمی بەعس جێبەجێی كرد، كە 8 قۆناخی سەربازی فراوان و راگواستنی گوندنشینەكان و بردنیان بوو بۆ بیابانەكانی خوارووی عێڕاق و ئەنفالكردنی 182000 هاووڵاتی بوو، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون".
ئارام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو شاڵاوە كە تاڵانكردنی سەدان گوند و شاری لێكەوتەوە، ماوەیەكی زۆر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بێدەنگی لێكرا"، راشیگەیاند، کە "كاری زۆر ماوە بكرێ بۆ سارێژكردن و ئاوەدانكردنەوەی شار و گوندەكان".
وەزیری شەهیدان بە پێویستیشی زانی: ''دەبێ ئەنفال هاوكارمان بێ بۆ بەتەنگەوەچوونی هاووڵاتیان و هیوادارم پەرلەمان و حكومەتی داهاتوو بە گەرمی كاریان لەسەر بكەن و بەرەو یەكخستنی بۆنە نیشتیمانییەكان و بە پیرۆزراگرتنیان بڕۆین، ببێتە دەرفەتێك بۆ لێبووردەیی و ئاشتەوایی و پێكەوە كاركردن".
ئارام ئەحمەد بە گرنگییەوە باسی لەوەكرد: "كە لەمرۆژەدا پێویستە بانگەشەی هەڵبژاردن رابگرین و هەڵمەتی نیشتیمانی بكەین بۆ هاوكاریكردنی كەسوكاری ئەنفالكراوان و رێز لە گیانی شەهیدان بگرین". بە پێزانینیشەوە سوپاسی ئەو لایەنانەی كرد كە ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردنیان راگرتووە.
دوای وەزیری شەهیدان، كۆچەر عارەب سەعید، وەك نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان گوتارێکی خوێندەوە و ژمارەیەك داواكاری خستەڕوو كە خۆیان لە: "دادگاییكردنی جاش و مستەشارەكان و داڵدەنەدانیان، هێنانەوەی رووفاتەكان لە بیابان، هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ ناساندنی جینۆساید لەنێوەندە نێودەوڵەتییەكان، دیاریكردنی رێژەیەك ئیمتیازات بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان، قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكرێتەوە و داوای لێبووردنیان لەلایەن حكومەتی عێڕاقەوە لێبكرێ، تاوانی ئەنفال بەشێوەیەكی فراوانتر لە نێو پەیڕەوی خوێندن جێگەی بۆ بكرێتەوە، چەمچەمال بكرێتە پایتەختی شەهیدان و پەلەكردنی لە كردنەوەی زانكۆیەكی زانستی بەناوی چەرموو".
رووداو
