کەرکووک..دەزگای خێرخوازیی بارزانی مووچەی چوار مانگی ژمارەیەک منداڵانی بێباوکی دابەشکرد

کەرکووک..دەزگای خێرخوازیی بارزانی مووچەی چوار مانگی ژمارەیەک منداڵانی بێباوکی دابەشکرد
بەشی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەشاری کەرکووک لە ھەڵمەتێکدا مووچەی چوار مانگی ساڵی رابردووی بەسەر ھەزار منداڵی بێباوک دابەشکرد بۆ ھەر منداڵێکی ئازیز بڕی دووسەد دۆلاریان وەک ھاوکاری پێدەدرێت.



لە راگەیەنراوێکی ئەو دەزگایە ھاتووە, رۆژی ١٣/٤/٢٠١٤ لەبەردەوامی خزمەتکردنی منداڵانی بێباوک لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان, پرۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ھەڵمەتێکی فراواندا مووچەی چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی منداڵانی بێباوک لەشاری کەرکووک و دەوروبەری دابەشکرد, تیایدا ھەزار منداڵ سوودمەندبوون و بۆ ھەر منداڵێک بڕی ٢٠٠ دۆلاریان پێبەخشرا.

سەبارەت بە بەردەوامی پرۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دابەشکردنی یارمەتی و مووچەی منداڵانی بێباوک (ئازیز) لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان, موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: پرۆژەی چاودێریی ئازیزان بەشێوەیەکی بەردەوام و ھەر چوار مانگ جارێک مووچەی بێباوکان دابەش دەکات, ئەمیش بە دوو قۆناغ دەبێت, قۆناغێکیان لەلایەن مانگی سووری ئیماراتییەوە مووچەکانیان دابین دەکرێت و قۆناغی دووەمیش لەلایەن دەوڵەمەند و خێرومەندانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوە کافل کراون و مووچەیان پێدەدرێت.

وتیشی: ئەوەی ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردووە کە قۆناغی کوردستانە و تیایدا ھەزار منداڵی ئازیزی شاری کەرکووک و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن, بۆ ھەر منداڵێکی ئازیز بڕی ٢٠٠ دۆلاریان وەک ھاوکاری پێدەدرێت.
Top