گوتەبێژی ھاوپەیمانیی کوردستانی: بۆسەرکەوتنی دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم خەرج بکرێت

 گوتەبێژی ھاوپەیمانیی کوردستانی: بۆسەرکەوتنی دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم خەرج بکرێت
گوتەبێژی ھاوپەیمانی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بۆئەوەی دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ئەنجامی ھەبێت، پێویستە سەرەتا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.

گوتەبێژی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، موئەیەد تەیب، بەkdp.infoـی راگەیاند: سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فراکسیۆنەکان کۆ بۆتەوە و تێدا بڕیار دراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە، لیژنەیەکی دیکەی سێقۆلی دروست بکرێت، بۆئەوەی بتوانن بگەنە رێکەوتنێک.

موئەید تەیب گوتیشی: لیژنەکە لە عارف تەیفوور جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەلمان جومەیلی سەرکردە لە لیستی عێراقییە و حەیدەر عەبادی سەرۆکی لیژنەی دارایی پێك هاتووە و، ئەم لیژنەیە دەست بە گفتوگۆکانیان دەکەن، بۆئەوەی بگەنە چارەسەریَک، دواتر پەرلەمان دەست بە گفتوگۆ بکات لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە.

گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند: لەئێستا بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا دوو پێشنیاری خستووەتە روو کە رۆژانە ھەرێمی کوردستان100ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات، ئەمەش پێشتر سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمەی راگەیاندووە و ھیچ کێشەیەک نییە و پێشنیاری دووەم لیژنەیەک دروست بکرێت ھەڵسەنگاندن بۆ نەوت ھەرێمی کوردستان بکرێت و بەپێی ئەو ھەڵسەنگاندنە نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ھەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو پێشنیارەی نەداوەتەوە.

تەیب روونیشی کردەوە، پرسی برینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نابێتە پرسی گفتوگۆکردن لەنێوان ھەرێم و بەغدا، چونکە ئەمە ھیچ پەیوەندی بە کێشەی بودجەوە نییە، بەڵام بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆکان پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم خەرج بکرێت ئەوکات دەست بە گفتوگۆکردن بکرێت.
Top