لە ترسی داعش گیراوەکانی بەغدا دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان
سەرچاوەیەك لە گرتووخانەی فیدراڵی سوسێ، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت رایگەیاند، "گۆڕانكاری لە گرتوخانەكاندا بەپێی بڕیاری حكومەتی عێراق ئەنجامدەدرێت، بەلام ئەو بەندییانەی، كە رەوانە دەكرێن بۆ گرتووخانەكەمان، كەیسەكانیان قورسە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتی" ئەو بەندییانە، كە دەهێنرێنە بەندینخانەكەمان، ماوەی 2 ساڵ بەر لە ئێستا لای خۆمان بوون، هۆكاری دووبارە گەڕانەوەیان بۆ خراپی دۆخی ئەمنی بەغدا دەگەڕێتەوە". لابارەی کاتی گەڕاندنەوەیان بۆ بەغداش گوتی، "كاتێكی دیاریكراو نییە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی خۆیان".
بەڕێوەبەری ئاسایشی چەمچەماڵ ئەو هەواڵەی پشتڕاستكردەوە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە ئاگاداری هەلومەرجی ئەو گرتووخانەیە نیین، بە هۆی ئەوەی ئەو گرتووخانەیە فیدڕاڵییە و لە ژێر چاودێری راستەوخۆی حكومەتی فیدڕالیدایە".
موقەددەم تاهیر، بەڕێوەبەری ئاسایشی چەمچەماڵ سەبارەت بەوەی، كە مەترسی گواستنەوەی ئەو زیندانییانە بۆ گرتووخانەی سووسێ لەسەر ئاسایشی ناوچەكە، گوتی، "داعش و گرووپە چەكدارەكان دوورن لەو سنوورە و كاریگەرییان لەسەر ئەو ناوچەیە نابێت،راستە بەهۆی هەڕەشەی ئەو چەكدارانەوە لە ئەبوو غورێب دەگوازرێنەوە بۆ ئێرە، بەڵام پێمانوایە لێرە هیچ مەترسییەكیان نابێت
رووداو
