سەرۆك بارزانی بۆ (الحیاة): من بڕینی بژێوی لە هەرێمی كوردستان بە راگەیاندنی شەڕ لەقەڵەم دەدەم، رەنگە تاوانێك بێت لە تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە خراپترو مەترسیدارتر بێت

سەرۆك بارزانی بۆ (الحیاة): من بڕینی بژێوی لە هەرێمی كوردستان  بە راگەیاندنی شەڕ لەقەڵەم دەدەم، رەنگە تاوانێك بێت لە تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە خراپترو مەترسیدارتر بێت
* بە دڵنیاییەوە عیراق لەبار یەك هەڵدەوەشێتەوە، هیوامان دەخواست وێنەكە جیاواز بوایە، بەڵام پێویستە مامەڵە لەگەڵ واقع و راستییەكاندا بكەین، بارێكی گشتیی ناسەقامگیریی لە ئارادایە، تیرۆر لە ناوچەكانی رۆژئاوای وڵات تەشەنەی كردووە، هەندێ شار لە دەرەوەی كۆنترۆڵی حكومەتدایە، تیرۆریستان بە ئاشكرا چالاكیی خۆیان ئەنجام دەدەن
* با جارێ چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و هەڵوێستی هێزەكانی دیكە بكەین، نامەوێ بابەتەكە بە شەخسەنە بكەم، من رێزی مالیكی دەگرم و لە رووی شەخسییەوە پێشترو ئێستاش دۆست و برامە، ناكۆكیمان بریتییە لە شێوازی حوكمڕانی و رەفتار كە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا پەیڕەوی دەكات. بابەتەكە شەخسی نییە . تەنانەت ئەگەر كەسێكی دیكەش هات و لەسەر هەمان بەرنامە بەردەوام بوو، تەنیا مانەوەی رەت ناكەینەوە، رەنگە هەموو شتێكیش بگۆڕێت
* پێشتریش سەرۆك وەزیرانی عیراق بودجەی لە هەرێمی كوردستان بڕیوە، ئێستاش بەهەمان شێوەیە، لە ئێستادا میانگیریی ئەمریكا لە ئارادایە، من بڕینی بژێوی لە هەرێمی كوردستان بە راگەیاندنی شەڕ لەقەڵەم دەدەم، رەنگە تاوانێك بێت لە تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە خراپترو مەترسیدارتر بێت، ماوەیەك چاوەڕوانی ئەنجامی ناوبژیكردنەكە دەكەین،بەڵام من دەزانم كە هەرێم لەهەمبەر ئەو رێكارە بێدەنگ نابێت ئەگەر بەردەوام بێت و بە تەماشاكەریش نامێنێتەوە. ئێمە بەرنامەگەلی خۆمان هەیە، پلانمان هەیە جێبەجێی دەكەین، هیوادارم ناوبژیكردنەكە بگاتە چارەسەر، تا دوا رێگا بەردەوام دەبین لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام ئەگەر ئەو رێكارە هەر بەردەوام بوو، ئەوا هەموو شتێك دەگۆڕێت.
* دەچمە نێو ناوەڕۆكی ناكۆكییەكە، لە راستیدا دەكرێ بودجەو كێشەكانی دیكە چارەسەر بكرێن ئەگەر ئیرادەی سیاسیی هەبێت، مەترسیدارترین شت ئەوەیە كە یەكێك خەون بە تێكشكاندنی شكۆمەندیی هەرێم ببینێت و بیخاتە ژێر ركێفی حوكمڕانیی تاكە كەسەوە لە بەغدا، بە راشكاوییەوە، ئەمە نایەتەدی، كە ئەستەمە، چۆك دانادەین و مل كەچ ناكەین، رێگە بە هیچ كەسێك نادەین شكۆمەندیی هەرێم بشكێنێت یان دەست بۆ كەرامەتی دانیشتوانەكەی درێژبكات، ئەمە جەوهەری كێشەكە، وەڵامەكەشم لە رستەیەكدا كورت دەكەمەوە: نابینە پاشكۆ. شەریك بەسەرچاو، برا بەسەرچاو، هاوپەیمان بەسەر چاو، پاشكۆ؟ نابینە پاشكۆی كەس، بە شەریكی دەمێنینەوەو قبوڵ ناكەین ببینە پاشكۆ.
• هەموو ئەو قەوارانەی دوای یەكەمین جەنگی جیهان دروستبوون، دەكرێ لەباریەك هەڵوەشێنەوەو بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان، تاكە رێگەی رزگاریی ئەو دەوڵەتانە ئەوەیە كە باوەڕ بە پرەنسیبەكانی پێكەوەژیان و دیموكراسی و شەراكەت بە شێوە راستەقینەكەی بهێنن، دیموكراسی و شەراكەت یانیش مەترسیی لەباریەك هەڵوەشانەوەی ئەو وڵاتانەی فرە پێكهاتەكان. جیهان گۆڕاوە و گەلانیش بەئاگاهاتوونەتەوە، مل پێكەچ كردنی خەڵك و گروپەكان چی دیكە سەرناگرێت، هیچ كەس ستەم یان جیاكاری یان پەراوێزخستنی پێ قبوڵ نییە، شەراكەتی تەواو.. یان لەباریەك هەڵوەشانەوە.
* هەوڵدەدەین نەگەینە ئەو شتە. ئەگەر بەغدا پابەندبوو بە هەڵوێستەكەیەوە، بڕێكی زۆری نەوتمان هەیە، ئەگەر بیفرۆشین هەرێم دەتوانێت بەردەوام بێت و بێ ئەوەی پێویستی بە بەغدا بێت.
* من شانازی بەوە دەكەم كە كوڕی مەلا مستەفام، ئەو سونبولی نەتەوەیەكە، من لەسەر دەستی ئەو گەورەبووم، هەموو ژیانم تا كۆچكردنی لەگەڵ ئەودا بەسەربرد، لە هەمان كاتدا، شانازی دەكەم بە كەسایەتیی خۆم و رێبازەكەم و ئەو كارانەی كردوومە، بێ گومان لەبەر ئەوەی كە كوڕی مەلا مستەفام دەرفەت و یارمەتی پێ بەخشیوم، بەڵام پێویستە شایانی ئەو دەرفەتە بیت و بە قوربانی و كۆششەكانت متمانەی خەڵك بەدەست بهێنیت، منیش ئەوەی پێمكرابێت پێشكەشم كردووە.





5/4/2014




Top