سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پاتریاكی بابلی و كلدانییەكانی جیهان دەكات
لە دیدارێكدا پاتریاكی بابلی و كلدانییەكانی جیهان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بەو پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە و هەروەها سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ حەواندنەوەی ئەو خێزانە مەسیحییانەی كە بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئەمنی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. پاتریاكی بابل و كلدانییەكانی جیهان هیوای ئەوەشی خواست كە ئەزموونی نموونەیی هەرێمی كوردستان لە پێكەوەژیان و لێبووردەیی بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراقیش بگوازرێتەوە و، هێمای بەوەدا كە پێویستە حیواری شارستانیانە و دوور لە هەڵچوون و عەقلییەتی جیاكاری لەنێوان ئایین و پێكهاتەكان ئەنجام بدرێت. پاتریاكی بابلی و كلدانییەكانی جیهان ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان لەڕووی ژیانی هاوبەشی پێكهاتەكان ڕێگەیەكی درێژی بڕیوە و بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینەكان پێویستە هەموو لایەك كار لەسەر دروستكردنی كەشوهەوایەكی دڵنیاكەرەوە بدەن.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و لەبارەی پێكەوەژیانی ئایینەكان لە كوردستان ئەوەی خستەڕوو كە فەرهەنگی لێبووردەیی و پێكەوەژیان لە كوردستان ڕیشەیەكی قووڵ و مێژوویی هەیە و گوتی: " لێبووردەیی و یەكترقبووڵكردن بنەمای سەرەكیی ژیانی سەربەرزانەی هەر كۆمەڵگەیەكە". سەرۆك بارزانی شاندی میوانی لەوە دڵنیا كردەوە كە هەرێمی كوردستان ڕێگە نادات توندڕۆیی و ئینكاركردن و جیاكاری لەدژی ئایینەكان شوێنی هەبێت.
قسەكردن لەسەر بارودۆخ و گرفتەكانی مەسیحییەكانی عێراق و كاركردن بۆ نەهێشتنی كۆچكردنیان بۆ دەروەی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.
