سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەرانی بەشداربووانی كۆنفڕانسی زانكۆی سەلاحەدین دەكات
لە دانیشتنێكدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و كورتەیەكیان لە كار و چالاكییەكانی كۆنفڕانسەكە بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە تایبەت بوو بۆ لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئایین و پێكهاتە جیاجیاكان و دژایەتیكردنی توندوتیژی. هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان سەرسووڕمانی خۆیان نیشان دا بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەبواری پێكەوەژیانی ڕاستەقینەی پێكهاتە و نەتەوە و ئایینەكانی كوردستان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و ڕایگەیاند كە گۆڕینەوەی ڕابۆچوونی نێوان گەلان بابەتێكی زۆر ئیجابییە و ئێمە پێویستیمان بە یەكتری هەیە و دەبێ لەیەكتێگەییشتن لەنێوان گەلاندا هەبێت. هەروەها سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەمێژووی پێكەوەژیان و لێبووردەیی گەلی كورد لەگەڵ نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقی خستەڕوو و، ئاماژەی بەوەدا كە گەلی كورد لە خەباتی خۆیدا دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە و ئینكاركردنی بەرانبەر نەبردووە و هەوڵی داوە هەمیشە لاپەڕەیەكی تازە لەگەڵ نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكە دەست پێ بكات و ئەوەیشی لە دوای ڕاپەڕینی 1991 و دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003 بە كردەوە سەلماند.
قسەكردن لەسەر بارودۆخی نالەباری سیاسی و ئەمنیی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.
