هەرێمی کوردستان.. گەشتیاری بیانی زیادی کردووە و عەرەب کەمی کردووە

 هەرێمی کوردستان.. گەشتیاری بیانی زیادی کردووە و عەرەب کەمی کردووە
بە پێی ئامارێکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، گەشتیاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و گەشتیاری عەرەب کەمی کردووە.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامارەکەی دەستەی گشتی گەشتوگوزار پشتی بە ژمارەی ئەو کەسانە بەستووە، کە 405 هەزار کەس بوون و لە بازگە، دەروازە و فڕۆکەخانەکان لە رۆژانی جەژنی نەورۆز و یادەکانی ئادار (16.3 تاوەکو 28.3.2014) هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستان.

نادر روستی، گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "لەو 405 هەزار گەشتیارە، 227 هەزار لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون و 178 هەزاریش لە فڕۆکەخانە و دەروازەکانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان"، هەروەها "بە بەراورد بە هەمان كاتی سالی رابردوو، گەشتیاری بیانی بەڕێژەی 32% زیادی كردووە و گەشتیاری عێراقی لە 7% كەمی كردووە".

وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، "بە پێی زانیارییەكانی دەستەی وەبەرهێنان، لە سالی 2006 تاكو 2014 وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتیاری 6ملیار و 300ملیۆن دۆلار بووە".

هەر لە هەواڵەکە ئاماژە بەوەشکراوە، کە وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاری لە ساڵی 2013 ریزبەندی دووەمی وەبەرهێنانەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووە و لە ساڵی 2014شدا بووەتە یەکەم کەرت لە بواری وەبەرهێنان.










رووداو
Top