سەرۆكی هەرێمی كوردستان نۆیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی لە شاری هەولێر كردەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان نۆیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی لە شاری هەولێر كردەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی 4ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نۆیەمین پێشانگای ساڵانەی نێودەوڵەتیی كتێبی لە شاری هەولێر كردەوە. ئەم پێشانگایە لە ژێر چاودێریی سەرۆك بارزانی و بە بەشداری 250 ناوەندی چاپ و ڕۆشنبیریی جیهانی و عەرەبی و ناوچەیی و عێراقی و كوردستانی و هەروەها ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری كەسایەتیی سیاسیی و ڕۆشنبیر و كونسوڵ و خەڵكی بیانی كرایەوە و بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە مەراسیمی كردنەوەی پێشانگاكە سەرۆك بارزانی وتەیەكی بە زمانی عەرەبی بۆ میوانان و ئامادەبووان پێشكەش كرد. سەرۆك بارزانی لە وتەكەیدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و ئامادەكارانی پێشانگاكە كرد و ڕایگەیاند ئەم پێشانگایە و ئامادەبوونی ئەم ژمارە زۆرەی ڕۆشنبیر متمانە و هیوا و هێزی زیاترمان پێدەبەخشێت. خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا لەوەی پێشانگەكە لەچاو ساڵانی پێشوو پێشكەوتووتر و ڕێكخستووترە. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا هێمای بەوەدا كە ڕۆشنبیری بنەمای بنیاتنانی ژیانە و ئەو گەلەی چەكی فەرهەنگی لەدەستە دەتوانێ ئاییندەی خۆی بنیات بنێت و خۆشەویستیی خەڵكی كوردستانیش بۆ كتێب و پێشوازیی خەڵكی كوردستانیش لەم پێشانگایە بە بەڵگەیەك زانی بۆ ڕێزگرتنیان لە ڕۆشنبیر و فەرهەنگ و قەڵەم. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە جێگەی شانازیی كە ئازادیی تایبەت و گشتیی خەڵك پارێزراوە و بەڵگەیش ئەوەیە كە لەم پێشانگایەدا ئازادییەكی تەواو هەیە لە چاپەمەنی و دوورە لە چاودێری و سانسۆر. سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی ناوەندی ئەلمەدا و فەخری كەریمی لە ئامادەسازیی و پەیوەندی لەگەڵ كەسایەتی و ناوەندە فەرهەنگییەكان بۆ ڕێكخستنی ئەم پێشانگایە بە بەرز نرخاند.
Top