بە بۆنەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە ئەحمەد تورک دەكات
بە بۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا و سەركەوتنتان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ماردین گەرمترین پیرۆزبایی خۆم و خەڵکی هەرێمی كوردستانتان پێڕادەگەیێنم.
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا ئەو ڕاستییەی پشتڕاست کردەوە کە لەڕێی خەباتی سیاسی و دیموكراسییەوە دۆزی ڕەوای کورد باشتر بەرەو پێش دەچێت. هێنانەدی ئاشتی و دیموكراسی بەرخودانێکی درێژە بەڵام ڕێگەی دروست و کاریگەرە و بە ئاشتی و تەبایی و برایەتی ئاماناجەکان نزیکتر دەبن.
هیوادارم هەموو تواناکان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە توركیا بخرێنەگەڕ و لەو پێناوەیشدا هەرێمی كوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ خوشك و براكانی لە باكووری كوردستان دەردەبڕێت.
بەهیوای سەرکەوتنی زیاتر و ئاییندەییەكی گەش بۆ گەلەكەمان
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/3/2014
