سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەندامانی كۆنفرانسی ساڵانەی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشینگتۆن دەكات
لەسەرەتای ئەم كۆبوونەوەیەدا خاتوو ویندی چەمبێرلین سەرۆكی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشینگتۆن بە ناوی شاندەكە زۆر سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و باسی كار و چالاكییەكان و كۆبوونەوەی ساڵانەی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كرد كە ئەمساڵ لە شاری هەولێر بەستراوە كە بە ڕێگەی دووەمی دیالۆگ ناسراوە و ئاكادیمی و سیاسییەكانی جیهان بە هاوبەشی ئەنجامی دەدەن و پێشنیار و چارەسەر بۆ قەیرانەكان پێشكەشی دەوڵەتان دەكەن.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی میوانانی كرد و هیوای خواست كاتێكی خۆش لە كوردستان ببەنەسەر و لە كارەكانیشیاندا سەركەوتوو بن. دواتر بەڕێز سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا كورتەیەكی لە مێژووی سیاسیی عێراق و چۆنییەتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و ئەو كێشە و گرفتانەی لەماوەی نەوەد ساڵی ڕابردوودا بەرۆكی گەلانی عێراقی گرتووە بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە هەر چەندە عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی پێكهاتووە و و دەبوایە كورد لە عێراقدا شەریك بێت بەڵام گەلی كورد بێبەش كرا و تووشی نەهامەتی و جینۆساید هات و لە بیستەكانی سەدەی ڕابردوو هەتا 1991 شەڕی بەرگری لە مان و ناسنامەی خۆی دەكرد. سەرۆك بارزانی ئەوەشی باس كرد كە گەلی كورد خەباتی چەكداری بەسەردا سەپێندرا و لەم ڕێگەیەدا هیچكات ئامادە نەبوو پەنا بۆ تۆقاندن و تیرۆر و تۆڵە ببات و ڕێگەشی نەدا شەڕی كورد و دەستەڵاتی بەغدا ببێتە شەڕی نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كورد.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕووخانی ڕژێمی بەعسی لە ساڵی 2003 بە دەرفەتێك زانی كە عێراقییەكان هەوڵ بدەن دەوڵەتێكی تازە لەسەر بنەمای فیدرالی و دیموكراسی و یەكترقبووڵكردن و هەروەها شەراكەتی ڕاستەقینە دابمەزرێنن. بۆ ئەو مەبەستە هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگی پڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق بوو و دەستوورێك نووسرا كە هەموو لایەك لەسەری ڕێككەوتن و زۆرینەی خەڵكی عێراقیش دەنگی بۆ دا. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەكرا و بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر و تاییفەگەری كێشەكان قووڵتر كران. سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ ئامادەبووان ڕوونكردەوە كە هێشتا فەرهەنگی خۆسەپاندن و گەڕانەوە بۆ دیكتاتۆرییەت لە بەغدا باڵادەستە و بەچاوی پاشكۆ سەیری كوردستان دەكات.
لەبارەی سیاسەتی نەوتی هەرێمیش سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی دژی دەستوور نەهاوێشتووە و بە پێی ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەتا دەرچوونی یاسای نەوت و گاز هەر دوولا دەتوانن گرێبەستی نەوتی مۆر بكەن. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە كێشەكانی ئەم دواییە و بڕینی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم جەختی لەوە كردەوە كە ئەگەر دەسەڵاتدارانی بەغدا بەردەوام بن لە پێشێلكردنی دەستوور و بیانەوێ لەڕێی هەڕەشە و بڕینی بودجە هەرێم گوشار بۆ هەرێم بهێنن ئەوە ئێمە ناچارین ڕێگەی دیكە بگرینەبەر. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا هەرێمی كوردستان پێیوایە هێشتا دەرفەت ماوە گرفتەكان چارەسەر بكرێن ئەویش گەڕانەوە بۆ دەستوور و ڕەچاوكردنی شەراكەتی ڕاستەقینەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە كورد عێراقێكی دەوێت كە ڕێز لە ئیرادەی هەموو لایەك بگیرێت و ڕێگە نەدرێت تاكەكەسێك ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵك و عێراق لە مانای دەوڵەتبوون بەتاڵ بكاتەوە.
لە دوای وتەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەبووان لەبارەی ئاییندەی كورد لە عێراق و هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەروەها قەیرانی سووریا و پەیوندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكانی ژمارەیەك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
