دوای ئەم هەڵبژاردنانە،سەرۆك بارزانی گەورەترین ئومێدە بۆ گۆڕانكاری لە عێراقدا، ئەو دەتوانێت رێگە نەدات جارێكی دیكە مالیكی ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران

دوای ئەم هەڵبژاردنانە،سەرۆك بارزانی گەورەترین ئومێدە بۆ گۆڕانكاری لە عێراقدا، ئەو دەتوانێت رێگە نەدات جارێكی دیكە مالیكی ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران
لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پرۆفیسۆر تۆبی دۆج گەورە تۆژەری بەریتانی لەسەر عێراق دەڵێ: دۆخی عێراق لە ئاییندەدا دەوەستێتە سەر ئەوهەڵبژاردنەی لە مانگی نیسانی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، ئەگەر هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی ئازاد و رەوا ئەنجام بدرێن، ئەوا هەوڵەكانی مالیكی بۆ سنوورداركردنی چاودێریی دیموكراتییانە بەسەر رژێمەكەیەوە دەكەونە ژێر پرسیار و گومانەوە. بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە و لە كەشێكی ناڕوون و نا ڕەوا بەڕێوەبچێت، ئەوكاتە ئەگەرێكی وا دێتە پێشەوە كە سەرۆك وەزیران لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و پتر بە ناوی سەنترالییەوە سەرجەم كاروباری وڵات بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
هەروەها تۆبی گوتی: سەروەریی یاسا بەردەوام لە عێراقدا لە دۆخێكی لەرزۆك و ناجێگیردا بووە، هەر لەوەتەی رووخانی رژێمی پێشووەوە لە ساڵی 2003، پێشتریش دادگاكان هەر لە دۆخێكی خراپدابوون و دەستێوەردانی سیاسی لە دەسەڵاتی دادوەریدا گەیشتۆتە ئەوپەڕی ئاستدا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هەڵبژاردنانەی لە ساڵی 2010دا بەڕێوەچوون، ئەگەرچی زۆر كێشەیان تێكەوت، بەڵام تارادەیەك بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەڕێوەچوون و ئەگەر هەمان شت لە هەڵبژاردنەكانی نیسانی داهاتوودا رووبداتەوە، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە مالیكی دوور بكەوێتەوە و حكومڕانییەك بێتەوەئارا كە پتر بە یاساوە پابەند بێت.

شایانی باسە پرۆفیسۆر دۆج باسی لە پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی: پێموایە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، رۆڵێكی زۆر كاریگەریان لە گفتوگۆكانی دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی نیسان دەبێت. من خوازیاری ئەوەم كە سەرۆك بارزانی زۆر بە روونی و بە ئاشكرا رایبگەیەنێت كە بۆ خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی پشتیوانیی نوری مالیكی رەت بكاتەوە. سەرۆك بارزانی ئەمەی نەوتووە. ئەگەر سەرۆك بارزانی لە دوای هەڵبژاردنەكان لەگەڵ مالیكی بگاتە رێككەوتنێك، ئەوا سەرۆك بارزانی بەشێكی بەرپرسیارێتیی كێشە بەردەوامەكانی عێراقی دەكەوێتە ئەستۆ. ئەوەی پێویستە سەرۆك بارزانی بیكات ئەوەیە هەوڵ و كۆششی سەخت بكات بۆ دۆزینەوەی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ لە دوای هەڵبژاردنەكانی نیسانی داهاتوو.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە970
Top