سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات
لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی وڵاتی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە نیشاندا و سەرۆك بارزانیی لە چالاكییە سیاسییەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە و كورتەیەكیشی لەبارەی سیاسەتەكانی حكوومەتی نوێی ئیتاڵیا خستەڕوو و بە ئاماژەدان بەو سەقامگیری و بووژانەوەیەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە هیوای خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا پێشڤەچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و ئەوەشی بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد كە سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ هاندانی زیاتری كۆمپانیاكانی ئیتالیاییە بۆ سەرمایەگوزاریی لە كوردستان و هەروەها سەردانی شاندێكی حكوومەتی تازەی ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی باڵیۆزی وڵاتی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ قووڵتركردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی و كوردستان و وڵاتی ئیتالیا لە گشت بوارەكاندا.
هەر لەم دیدارەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كرا و سەبارەت بە گرژییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا باڵیۆزی وڵاتی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ هێمای بەوەدا كە وڵاتەكەی خوازیارە سەقامگیری لە عێراقدا هەبێت و كار بە پێوەرەكانی دیموكراسی بكرێت و بۆچوون و تێبینییەكانی هەموو لایەكیش لای دەوڵەتی ئیتالیا بایەخی خۆی هەیە. پەیوەست بە كێشەكانی هەرێم و بەغدا سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە ماوەی 11 ساڵە هەرێمی كوردستان یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و سەقامگیرییەكەی دەدات و لەم ڕێگەیەدا لە زۆر لە مافەكانی خۆش بووە بەڵام لە ئەنجامدا ئەوە دەستەڵاتدارانی بەغدان كە نایانەوێ پابەندی دەستوور بن و گوتی: " دەسەڵاتدارانی بەغدا دەیانەوێ هەرێم پاشكۆی ئەوان بێت و لە عێراقیشدا شەریكیش نەبێت. ئێمە بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانیدان و نەهامەتییە پاشكۆی ئەوان بین. ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا هەر بەردەوام بن لە پێشێلكردنی دەستوور و پشتگوێخستنی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق ئێمە ناچارین بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدادا بچینەوە و ئەوە مافێكە دەستوور بە ئێمەی داوە". سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە دەستووری عێراق ڕێگە لە خۆسەپاندن دەگرێت و پابەندبوون بە دەستوور دەبێتە هۆی لاوازبوونی عەقلییەتی نكۆلیكار بۆیەشە دەسەڵاتدارانی بەغدا لەو دەستوورە پەشیمان بوونەتەوە كە هەموو لایەك لەسەری ڕێككەوتوون و خەڵك دەنگی پێ داوە.
بارودۆخی سووریا و هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.
