قوباد تاڵەبانی لەبارەی گەڕانەوەی مام جەلال دەدوێ

 قوباد تاڵەبانی لەبارەی گەڕانەوەی مام جەلال دەدوێ
قوباد تاڵەبانی، كوڕی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بە باشتر بوونی تەندرووستی باوكی دەدات و دەڵێ "حەزدەكات بگەڕێتەوە كوردستان".

قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێكی تەلەفۆنیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی دوایین رەوشی تەندروستی باوكییەوە گوتی "تەندروستی زۆر باشتر بووەو شوكور بۆ خوا رۆژ بە رۆژ بەرەو باشتر دەڕوات".

سەبارەت بە كاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتی "خۆی حەزدەكات بێتەوە كوردستان، بەڵام دەشزانێت باشترین چارەسەر بۆ ئەو مانەوەیەتی لە شوێنەكەی خۆی".

سەبارەت بە رێوشوێنە پزیشكییەكان و كاتی مانەوەی لە نەخۆشخانە گوتی "كاتی بۆ دانەنراوەو چارەسەركردنی بەردەوام دەبێت، ئێستا لە قۆناغی چارەسەری سر‌وشتیدایە بۆ ئەوەی هێزی بۆ بگەڕێتەوە".


رۆژی 19-3-2014 (تۆڕی میدیایی رووداو) بڵاوییكردەوە، كە نەجمەدین كەریم، پزیشكی تایبەتی تاڵەبانی لە دوایین سەردانیدا، كە لە 7-6 ی ئاداری 2014 بۆ ئەڵمانیا ئەنجامیدا، ڤیدیۆیەكی هێناوەتەوە، كە تێیدا تاڵەبانی دەردەكەوێت لە كاتی قسەكردندا. هەروەها وەك بەرپرسەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دووپاتیانكردووەتەوە، لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت تەندروستی تاڵەبانی بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە ، بەڵام سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆییە تاڵەبانی كوڕ گوتی"ئاگادارنیم".

جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراق و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رۆژی 17-12-2012 لە بەغدا تووشی جەڵتەی مێشك بوو، پاشان برایە ئەڵمانیا و لەوێ لە یەكێك لە نەخۆشخانەكان چارەسەر وەردەگرێ، تاوەكو ئێستا جگە لە فۆتۆ، هیچ گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاونەبووەتەوە.







رووداو
Top