نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه
له دیدارێكدا ڕه‌وشى ئێستاى عیراق به گشتى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عیراق و هه‌رێمى كوردستان به تایبه‌تى تاوتوێ كران و شاندى میوان دووپاتى كرده‌وه كه یه‌كێتیى ئه‌ورووپا پشتگیریى ته‌واو له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تیمێكى تایبه‌ت بۆ ئاماده‌كارى و چاودێریى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نێرێته عیراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى له پرۆسه‌ى ده‌نگدان و چاودێریدا هاوكار بێت. لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پێشوازى له‌م بڕیاره‌ى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا، بڕیاركه‌یشى به گرنگ له قه‌له‌م دا.
ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به گشتى و بارودۆخ و ڕووداوه‌كانى سووریا به تایبه‌تى و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر وڵاتانى ده‌وروبه‌ر، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو. هه‌روه‌ها تیشك خرایه سه‌ر ڕه‌وشى په‌نابه‌رانى سووریا له هه‌رێمى كوردستان و شاندى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ستایشى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد كه به هاناى په‌نابه‌رانه‌وه چووه و په‌ناگه و یارمه‌تى بۆ دابین كردوون.
شانده‌كه ڕایگه‌یاند وه‌ك ئه‌نجامى سه‌ردانى پێشووى كۆمیسارى باڵاى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا بۆ هاریكاریى مرۆیى، یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوودا ئۆفیسێكى تایبه‌ت بۆ كاروبارى هاوكارى و یارمه‌تیى مرۆیى له هه‌ولێر ده‌كاته‌وه كه به شێوه‌یه‌گى گشتى گرنگى به هاوكارى و یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران ده‌دات و له‌م ڕێگه‌یه‌وه هاوكارى پێشكه‌ش به په‌نابه‌رانى سووریا و په‌نابه‌رانى ناوخۆى عیراق له هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.
په‌یوه‌ندى و كێشه‌كانى هه‌ولێر به‌غدا و هه‌و‌ڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنیان له ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه و هه‌وڵدان بۆ تێپه‌ڕاندنى كێشه‌كانى تایبه‌ت به بودجه و دۆسیاى نه‌وت و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیدراى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا بوو.
