سەرۆكایەتیی هەرێم لێدوانێكی به‌رپرسی ژووری په‌یجووری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌تده‌كاته‌وه‌

سەرۆكایەتیی هەرێم لێدوانێكی به‌رپرسی ژووری په‌یجووری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌تده‌كاته‌وه‌
گۆته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، لێدوانێكی بەرپرسی ژووری په‌یجووری له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات سه‌رۆك بارزانی پێشنیاری كردوه‌ كابینه‌ی هه‌شته‌م به‌بێ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان پێكبهێنرێت، وتیشی، سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە كە حكوومەتێكی بنكەفراوان بە بەشداریی گشت لایەنەكان پێك بهێندرێت.



ئه‌مه‌ش ده‌قی لێدوانه‌كه‌ی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانه‌:



بەرپرسی ژووری پەیجووری لە بزووتنەوەی گۆڕان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ژمارە 421ـی حەفتەنامەی ئاوێنەدا باسی لەوە كردووە كە گوایە سەرۆك بارزانی پێشنیاری بۆ ڕێكخەری گشتیی گۆڕان كردووە كە پارتی و یەكێتی و گۆڕان بە بێ لایەنە ئیسلامییەكان كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم پێك بهێنین.

لێرەدا ڕای گشتیی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە ئەم بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستی. سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە كە حكوومەتێكی بنكەفراوان بە بەشداریی گشت لایەنەكان پێك بهێندرێت و لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستانیش زۆر چاك ئاگاداری ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانین.



د. ئومێد سەباح

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

27ـی 3ـی 2014
Top