موئەیەد تەیب: دەبێ كورد خۆی بۆ سەربەخۆیی ئامادە بكات
موئەیەد تەیب، گوتەبێژی فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی قسەكانی سامی عەسكەری، پەرلەمانتار و سەركردەی دەوڵەتی یاسا، كە گوتبوی؛ چاوەڕێم بەمزووانە كۆتایی بە پەیوەندی بەغدا و هەولێر بێنین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر ئەو هەڵوێستە لە نیەتپاكی و باوەڕبوونی بە مافی چارەنووسی گەلان بێ، جێگەی شانازییە".
موئەیەد تەیب راشیگەیاند، "ئەو جۆرە لێدوانانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و هاندانی شەقامی عێراقین لەدژی كورد تا لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگێكی زیاتر بەدەست بێنن. ئەوان دەیانەوێ وا نیشان بدەن كە كورد بارێكی قورسە بەسەر عێراقەوە".
گوتەبێژی هاوپەیمانی كوردستانی لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ رووداو، داوای لە لایەنە كوردییەكان كرد ئەو بابەتە بە هەند وەربگرن و گوتی "سیاسییەكانی عێراق دەڵێن با كورد جیا بێتەوە، هەروەها 98%ی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی داوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆرجار رایگەیاندووە كە شێوازی ئێستای حوكمداری عێراق گونجاو نییەو پێویستە بیر لەشێوازێكی دیكە بكەینەوە. بۆیە پرسیار ئەوەیە كێ رێگرە لە بەرامبەر راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان".
موئەیەد تەیب گوتیشی "لایەنە كوردییەكان لەسەر ئەو پرسە هاوهەڵوێست نین. دەبێ خەڵكی كوردستان پرسیار لە لایەنە كوردییەكان بكەن و داوای وەڵامی جیددیان لێبكەن و هەڵوێستی خۆیان بەگۆێرەی وەڵامی ئەوان بۆ هەر لایەنێك نیشان بدەن. كاتی ئەوە هاتووە بیر لەو پرسە بكەینەوە بۆ ئەوەی نەڵێن كورد دەوڵەتی ناوێ".
سامی عەسكەری رایگەیاندووە "هۆكاری جیانەبوونەوەی كورد لە عێراق، تاوەكو ئێستا خۆشەویستی ئەوان نییە بۆ عێراق، بگرە كورد دەیانەوێ دەوڵەتی خۆیان بە پارەو سامانی عێراق دروستبكەن و بە درێژایی 10 ساڵی رابردوو كورد پارەو نەوتی عێراقیان خواردو چاوەڕوانی هەلێكن بۆ جیابوونەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا رەخنە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا دەگرێ و دەڵێت "بەغدا هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر هەرێمی كوردستانەوە نییە، لەكاتێكدا وەزیری دەرەوەی عێراق كوردە، كەچی هیچ وەزیرێكی عێراقی ناتوانێ سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بەبێ رەزامەندی حكومەتی كوردستان. بەردەوام لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سیاسەتمەدارانی كورد گوێمان لە هەڕەشەی جیابوونەوە دەبێ، بۆیە چاوەڕوانم بەمنزیكانە لەگەڵ كورد دابنیشم و كۆتایی بە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا بێنین، چونكە ئەو پەیوەندییە بەزیانی عێراق دەشكێتەوە".
رووداو
