سلێمانی کرێکاری دیکە لەشوێنی کاردا گیان لەدەست دەدات

سلێمانی کرێکاری دیکە لەشوێنی کاردا گیان لەدەست دەدات
ئەمڕۆ لەکاتی کارکردندا کرێکارێک لە پڕۆژەی دایک کە دەکەوێتە نزیک پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند دەکەوێتە خوارەوەو بەر لەگەیاندنی بۆ نەخۆشخانەش لەڕێگا کرێکارەکە گیان لەدەست دەدات.



لەو بارەیەوە عوسمان زیندانی،سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی پارێزگای سلێمانی،بەئاژانسی پەیامنێری ڕاگەیاند:"کرێکارەکە لە کۆمپانیای پارسێڵ کاری کردوەو بەمەبەستی کاری قاڵب کاری لە نهۆمی پڕۆژەی دایک سەرقاڵی کاری خۆی بووەو کەوتۆتە خوارەوە".

گووتیشی:"کرێکارەکە خەڵکی کوردستانی تورکیایەو لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١ـە ئاسانکاری تەواویش کراوە بۆ گەڕانەوەی تەرمی کرێکارەکە بۆ شوێنی خۆی".

ڕاشیگەیاند:"لەئێستادا نازانین هۆیەکانی سەلامەتی گیانی شوێنی کار لە پڕۆژەکەدا هەیە یاخود نییە،بۆیە ئێمە لێکۆڵینەوەی خۆمان لەو بارەیەوە دەکەین.

جێگەی ئاماژە بۆ کردنە ڕۆژی ٢٣ ئەم مانگە دوو کرێکاری دیکە لە قەزای دووکانی سەر بەپارێزگای سلێمانی لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەست داوە،بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوەکانی داکۆکی کار لە مافی کرێکاران زۆرینەی ڕووداوەکانی گیان لەدەستدانی کرێکاران دەگەڕێتەوە بۆ دابین نەکردنی هۆیەکانی سەلامەتی شوێنی کارکردنی کرێکاران لەلایەن خاوەن کارەوە.









PNA
Top