لێدوانی سهرۆكایهتی ههرێم له سهر كوژرانی محهممهد بدێوی و کاردانەوەکانی ڕووداوەكه
دهقی راگهیهندراوهكه كه له ماڵپهڕی فهرمی سهرۆكایهتی ههرێم بڵاو كراوهتهوه، له بهشێكیدا هاتووه "دوای ڕووداوەکە لێدوان و هەڵوێستی هەندێ کەسایەتیی سیاسیی عێراقی بوونەتە هۆی نیگەرانیی شەقامی عێراقی و دەچنە چوارچێوەی هەڕەشە لە ئاشتی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی عێراق".
له بارهی قسهكانی نوری مالكی سهرۆكی وهزیرانی عێراقی له بارهی ئهم رووداوه، له راگهیهندراوهكهدا هاتووه "جێگەی داخە لە دوای ڕوودانی ئەم كارەساتە سەرۆك وەزیرانی عێراقی وشەی نامۆ و ناشرینی خوێن لەبەرانبەر خوێنی بەكار هێناوە كە دوورە لە بنەماكانی باڵادەستیی یاسا و دەوڵەتداری و كولتووری پێكەوەژیان و دیموكراسی".
ههروهها دهپرسێت، ئهگهر دەستەڵاتدارانی عێراقی بەم لۆژیكە سەیری ڕووداوەكان بكەن پرسیار ئەوەیە كێ خوێنی شههیدانی هەڵەبجە ، ئەنفال دەداتەوە، سەرباری ئەم قوربانییە مەزنە گەلی كورد لەپێناو بنیاتنانی ژیانێكی تازە و هیوایەكی نوێ هیچكات ئامادە نەبوو بڵێ: " خوێن لەبەرانبەر خوێن".
له كۆتاییدا هاتووه "لێرەدا بەناوی گەلی كوردستان دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە لەم كەیسەدا قەزا دوور لە حەزی ناڕەوای سیاسییەكان ئەم كێشەیە یەكلایی بكاتەوە و چیتر ڕێگە نەدرێت دەنگی ناقۆڵا بەرز ببێتەوە و ئیستغلالی ئەم ڕووداوە بكەن. گەلی كوردستان بڕیاری داوە بە برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیان لەگەڵ عێراقدا بژییت. ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا ئەم برایەتییەیان نەوێت و هەر ڕۆژێك بە بیانوویەك كێشە دروست بكەن با بێن و پێكەوە دانیشین و كۆتایی بەم پەیوەندییە پڕكێشەیە بێنین".
ئهمهش دهقی راگهیهندراوهكهیه:
لێدوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کوژرانی رۆژنامەنووس دکتۆر محمد بدێوی و کاردانەوەکانی ئەو ڕووداوە
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نیگەرانی و دڵتەنگیی خۆی بۆ گیان لەدەستدانی ئەکادیمی و رۆژنامەنووس دکتۆر محمد بدێوی رادەگەینێت کە لە رووداوێکی نەخوازراودا لە رۆژی ٢٢/٣/٢٠١٤ لە شاری بەغدا بووە قوربانی. هەر بەم بۆنەیەوە هاوخەمیی خۆمان بۆ بنەماڵەکەی و سەرجەم میدیاکاران رادەگەیەنین. هیواخوازین دادگایەکی عادیلانە رێوشوێنی یاسایی پێویست بگرێتە بەر بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.
لەم چەند ڕۆژەدا بەهۆی بەدواداچوونی وردی ڕووداو و لێدوانەكان هیوامان دەخواست ئەم بابەتە لە سنووری یاسایی خۆی دەرنەچێت و پێمان باشە یاسا و دەسەڵاتی قەزایی دوور لە دەستێوەردانی سیاسییەكان ڕۆڵی بێلایەنانەی خۆی بگێڕێت.
دوای ڕووداوەکە لێدوان و هەڵوێستی هەندێ کەسایەتیی سیاسیی عێراقی بوونەتە هۆی نیگەرانیی شەقامی عێراقی و دەچنە چوارچێوەی هەڕەشە لە ئاشتی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی عێراق و فراوانکردنی ئاڵۆزییەکان و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێوان هاووڵاتییاندا. لێرەدا بە پێویستی دەزانین رای گشتی عێراقی ئاگادار بکەینەوە کە نابێت رێگا بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت درز بخاتە ناو برایەتیی پێکهاتەکانی عێراق و بازرگانیی بە گیانی دکتۆر محمد بدێوی بکرێت.
جێگەی داخە لە دوای ڕوودانی ئەم كارەساتە سەرۆك وەزیرانی عێراقی وشەی نامۆ و ناشرینی خوێن لەبەرانبەر خوێنی بەكار هێناوە كە دوورە لە بنەماكانی باڵادەستیی یاسا و دەوڵەتداری و كولتووری پێكەوەژیان و دیموكراسی. لە سایەی زێدەڕۆیی هەندێ لایەن و ئەم دۆخە ئەمنییە نالەبارەی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە خەڵكێكی زۆر كوژراوە و لەم چەند ساڵەدا 400 مامۆستای زانكۆ لە عێراقدا تیرۆر كراون و كەس خۆی نەكردە خاوەنی خوێنیان و دەسەڵاتی بەغدا هیچ هەوڵێكی نەدا بۆ دۆزینەوەی تاوانباران. ئێستا كە هاووڵاتییەكی كورد لایەنێكی ئەم ڕووداوە نەخوازراوەیە دەیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئیستغلالی بكەن و بیكەنە بابەتێكی زۆر مەترسیدار و هەوڵێك بۆ نانەوەی فیتنەی نێوان نەتەوە و پێكهاتەكانی عێراق. بۆیە بەرپرسیارێتیی هەر ڕووداو و کاردانەوەیەکی ئەم ڕەوشە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی دەیانەوێ ڕووداوەکە بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنن.
ئەگەر دەستەڵاتدارانی عێراقی بەم لۆژیكە سەیری ڕووداوەكان دەكەن پرسیار ئەوەیە كێ خوێنی 5000 شەهیدی هەڵەبجە و 182000 ئەنفال و 8000 بارزانی و 12000 فەیلی دەداتەوە؟ سەرباری ئەم قوربانییە مەزنە گەلی كورد لەپێناو بنیاتنانی ژیانێكی تازە و هیوایەكی نوێ هیچكات ئامادە نەبوو بڵێ: " خوێن لەبەرانبەر خوێن".
لێرەدا بەناوی گەلی كوردستان دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە لەم كەیسەدا قەزا دوور لە حەزی ناڕەوای سیاسییەكان ئەم كێشەیە یەكلایی بكاتەوە و چیتر ڕێگە نەدرێت دەنگی ناقۆڵا بەرز ببێتەوە و ئیستغلالی ئەم ڕووداوە بكەن. گەلی كوردستان بڕیاری داوە بە برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیان لەگەڵ عێراقدا بژییت. ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا ئەم برایەتییەیان نەوێت و هەر ڕۆژێك بە بیانوویەك كێشە دروست بكەن با بێن و پێكەوە دانیشین و كۆتایی بەم پەیوەندییە پڕكێشەیە بێنین.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
24ـی 3ـی 2014
