گەرمیان: لەنەورۆز سێ كەس بەهۆی سوتاوییەوە بونە قوربانی و ژمارەیەكیش برینداربوون

گەرمیان: لەنەورۆز سێ كەس بەهۆی سوتاوییەوە بونە قوربانی و ژمارەیەكیش برینداربوون
بە پێی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، لەماوەی رۆژانی جەژنی نەورۆزدا، 1052 هاوڵاتی سەردانی بەشی فریاكەوتن و تیمەگەڕۆكەكانی بەهاناوەچوونی خێرا لە سەیرانگاكان كردووە و بەهۆی سوتاوییەوە سێ كەس بونەتە قوربانی و بەهۆی شەر و كەوتنە خوارەوەش ژمارەیەكیش برینداربوون.



بەپێی ئەو ئامارە كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر نێدراوە، لە ماوەی سێ رۆژی جەژنی نەورۆز لە بەروارەكانی (21 و 22 و 23/3/2014)، لە هەریەكە لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی كەلار، بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە كفری، لەگەڵ تیمە گەڕۆكەكانی تەندروستی گەرمیان لە سەیرانگاكانی سنوورەكە، پێشوازییان لە هەزار و 52 حاڵەتی جۆراو جۆر كردووە، كەبەشی زۆری ئەو حاڵەتانە، نەخۆش كەوتنی ئاسایی هاوڵاتیان بوون.



لای خۆشیەوە بەرێوەبەری گشتی تەندروستیی گەرمیان د. حەسەن رەمەزان بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند لە رۆژانی جەژنی نەورۆز هەندێك رووداوی جیاوازیش هەبوون كە بریتیی بوون لە: یەك حاڵەتی گیان لەدەستدان بە سووتاویی لە كفری ، لەگەڵ دوو حاڵەتی بریندار بوون بە سوتاویی لەكەلار. نۆ حاڵەتی رووداوی هاتوچۆ، كە خۆشبەختانە بریندارەكان برینەكانیان قورس نەبووە، چوار رووداوی كەوتنە خوارەوە لە كەلار و كفری، هەروەها دوو برینداری شەڕ و شەڕە چەقۆ لە كەلار و كفری و یەك حاڵەتی پێوەدانی دووپشك لە سنوری قەزای كەلار.



جێی بیرهێنانەوەیە، تەندروستی گەرمیان بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز، پلانی تایبەتی دانابوو و خشتەی ئێشكگریی بۆ هەموو نەخۆشخانەو مەڵبەندە 24 سەعاتیەكانی دانابوو، لەگەڵ پێكهێنانی ژمارەیەك تیمی گەڕۆك لە سەیرانگاكانی سنوورەكە، بۆ بەهاناوەچونی هاوڵاتیان لەكاتی رووداوی نەخوازراو دا.









PNA
Top