لە ناحیەی قەرەتەپە هەشت كەس بێ سەر شوێن دەكرێن
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ناحیەی قەرەتەپە بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ دوای رۆژی 21ی نەورۆز چەكدارانی داعش لە سنووری ناحیەی قەرەتەپە دوو پردیان تەقاندەوە و لە چەند گوندێكی سنوورەكە رووبەروی یەكتربوونەوە، دواتر لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە لە گوندی لهێبی ناوچەكە هەشت كەس دەستگیركراون و تاوەكو ئێستا چارەنوسیان نادیارە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشیدا، كەسوكاری دەستگیركراوەكان رایانگەیاندووە، لە كاتێكدا بەدواچوونیان كردووە، پۆلیس دەڵێت دەستگیركراوەكان لای سوپایە و سوپاش دەڵێت لای هێزی سواتەو هیچ لایەكیان ئامادەنین بەرپرسیارێتی ئەو هەشت كەسە لە ئەستۆ بگرن و تاوەكو ئێستاش چارەنوسیان نادیارە.
گوتیشی، ماوەیەك لەمەوبەریش چەند كەسێك لە سنوورەكە دەستگیركران و دواتر كوژران، بۆیە ئێستا كەسوكاری ئەو هەشت كەسە ترسیان لەوە هەیە دەستگیراوەكانیان بكوژرێن كە لە ناویاندا دوو باوك و دوو كوڕی تێدایە.
رۆژی 21 نەورۆز لە سنووری ناحیەی قەرەتەپە، چەكدارانی داعش هیرَشیان كردە سەر چەند گوندێكی ناوچەكە توانییان كۆنترۆڵی بكەن و هەروەها دووپردی ناوچەكەیان تەقاندەوە و دواتر هێزە ئەمنییەكان رووبەروی ئەو چەكدارانە بوونەوە و توانییان ناوچەكە كۆنترۆڵ بكەنەوە.
PNA
