لە رۆژانی جەژن ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر و ماتۆرسکیل و چەک قەدەخە دەکرێت

لە رۆژانی جەژن ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر و ماتۆرسکیل و چەک قەدەخە دەکرێت
بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز پۆلیسی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان پلانێکی ھاوبەشی لە گەڵ ئاسایش و پێشمەرگە داناوە، بۆئەو ٣ رۆژەش چەند بڕیارێک دەر دەکات.
عەمید قادر سدیق بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز)رای گەیاند بۆ ئەم نەورۆزە چەند بڕیارێکدراوە بۆ ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل. گوتیشی: بڕیارمانداوە ھەموو رێگاکانی دەرەوە و ناوەوەی شارەکان کراوەبن و وەکو رۆژانی ئاسایی ھاتن و چوون ھەبێت، بەڵام لۆری گەورە و بارھەڵگر و شاحینە و ماتۆرسکیل قەدەخە دەکرێت و نابێت لەو ٣ رۆژە دەرچوونیان ھەبێت بۆئەوەی ئاستەنگ بۆ ھاتوچۆ دروست نەکرێت.
عەمید قادر سدیق ئاماژەی بە بڕیارێکی تر کرد و گوتی: بە ھەموو جۆرێک چەکی مۆڵەتدارو بۆ شوێنە گەشتیاریەکان و سەیرانگاکان قەدەخە دەکرێت و بە سەرپێچی ئەژمار دەکرێت.
بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان ئەوەی خستەروو ھەر شۆفێرێک سەرپێچی ئەو بڕیارانە بکات ئەوە ئۆتۆمبێلەی یان ماتۆرەکەی یان چەکەکەی دەستی بە سەردادەگیرێت و سزا دەدرێـت.
لە پاڵ ئەو بڕیارانەشدا ئەو بەرپرسەی پۆلیسی ھاتوچۆ جەختی لە سەر ئەوەشکردەوە کە بۆ رێگری کردن لە تیژرەوی کامێرای ھاتووچۆ لە سەر رێگاو سەیرانگاکان دادەندرێ. گوتیشی: داوا دەکەین لە ھاوڵاتیان و گەشتیاران پابەندی یاساکانی ھاتووچۆ بن و خۆیان لە تیژرەویی و پێشبڕکێ بپارێزن.
عەمید قادر سدیق ئاشکراشی کرد کە تاوەکو ٣ رۆژی نەورۆز تەوا دەبێت پلانەکەیان کە لە وەزارەتی ناوخۆ بە ھەماھەنگی لە گەڵ ھێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە بەردەوامی دەبێت بۆ پاراستی ئاسایش و سەلامەتی خەڵک لە رۆژانی نەورۆزدا.




باسنیوز
Top