پەیامی مەسرور بارزانی به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی سه‌ری ساڵی كوردی و جه‌ژنی نەتەوەیی نه‌ورۆزه‌وه
ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی ئه‌م په‌یامه‌ی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكردوه، ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌ناوی خوای گه‌وره و میهره‌بان
به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی سه‌ری ساڵی كوردی و جه‌ژنی نەتەوەیی نه‌ورۆزه‌وه پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له ته‌واوی خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه و كارمه‌ند و ئه‌ندامانی داموده‌زگاكانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆلیس و گه‌لی كوردستان و هه‌موو ئه‌و گه‌لانه ده‌كه‌م، كه یادی نه‌ورۆز ده‌كه‌نه‌وه.
نه‌ورۆز، كه بۆ ئێمە هەڵگری هێمای به‌گژداچوونه‌وه‌ی زاڵمان و خۆراگری و بەردەوامی و نوێبوونەوەیە، بەدرێژایی مێژووش وەک بەشێک لە شانازییە نەتەوەییەکانمان و یادهوەرییەكی هاوبەشی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستان و تەواوی بزووتنه‌وه‌كانی ڕزگاریخوازی کوردستان سیمبۆلێکی دیاری شۆڕش بووە و یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پرۆسەی بونیادنانی نیشتیمانیمان لە کوردستان. هاوكات له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌ی ناوچه‌كه‌ی پێدا تێده‌په‌ڕێ ئاواتەخوازم گەلەکەمان بە تەبایی و هاوهەڵوێستی و خۆراگری ڕووبەڕووی هەموو پێشهاتەکان ببێتەوە بۆ وەدیهاتنی دەسکەوتی زیاتر ، كه شایسته‌ی خه‌بات و قوربانی و مێژووی پڕ له هه‌وراز و نشێومانه و گەلانی ناوچەکەش بە ئاشتی و تەبایی بەرەو بنیاتنانی دەڤەرێکی پێشکەوتوو و پڕ لە خۆشی و کامەرانی هەنگاو بنێن.
لەم بۆنە نەتەوەییەدا جەخت لە جۆشدانەوەی هەستی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی گەل و نیشتمان دەکەمەوە و هیوادارم ئەم خۆشەویستییە ببێتە هەوێنی کاری بونیادنه‌ر و به دامه‌زراوه‌كردنی ده‌زگاكان و چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕییه‌كانمان. هه‌روه‌ها هاندەرمان بێت بۆ پاک و خاوێن راگرتنی ژینگەی کوردستان و پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە، كاتێك بۆ یادكردنه‌وه و چێژ وه‌رگرتن له‌م بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌دا روو له سرووشتی دڵڕفێنی كوردستان ده‌كه‌ین.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه داوا له هه‌موو هه‌ڤاڵانم ده‌كه‌م، كه وه‌ك هه‌میشه دژی هه‌موو پیلانێكی تێكده‌رانه‌ی شێواندنی كوردستانن، پێویسته له رۆژانی جه‌ژنیشدا هه‌موو توانای خۆیان بۆ دابینكردنی كه‌شێكی ئارامتر و سه‌قامگیرتر له وڵاته‌كه‌ماندا بخه‌نه‌گه‌ڕ.
له كۆتاییدا ئاواتی نەورۆزێکی پڕ لە خۆشی و کامەرانی بۆ هەموو لایەکتان دەخوازم، هەمیشە شاد و وڵات هەر ئاوەدان بێت.
مه‌سرور بارزانی
20ی ئاداری 2014
