هەرگیز هەڵوێستی بارزانیمان بیر ناچیتەوە و دەزانین چەند رێزی لە كریستیان گرتووە بۆیە پشتگیری لێدەكەین

هەرگیز هەڵوێستی بارزانیمان بیر ناچیتەوە و دەزانین چەند رێزی لە كریستیان گرتووە بۆیە پشتگیری لێدەكەین
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئەنبا جبرائیل گورگیس تۆما سەرۆكی دێری حەزرەتی مەریەم و رەبان هورمز گوتی: گەرچی بوونی كریستانیەكان لەوڵاتی عێراق مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە و بە دانیشتوانی رەسەنی ئەو وڵاتە دادەنرێن و رۆڵی گرنگیان لەبونیاتنانی عێراق و شارستانیەتی هەبووە، بەڵام لەئاكامی ئەو چەوسانەوەو تەرحیل و دژایەتیكردنەی كە لەقۆناغەكانی زەمەنی مەنغۆلی و عوسمانی و جەنگەكانی جیهانی یەكەم و دووەم و شەڕی نێوان عێراق و ئێران رووبەڕوویان بووەوە بەناچاری كریستانەكان لەعێراق كۆچیان كردو ژمارەیان كەمی كردووە، گەورەترین مەترسیش كە رووبەڕووی كریستانەكان بووەتەوە كە لەئاكامی رقوكینەی گرووپە توندڕەوەكان و تیرۆریستان و هەڵكشانی ویستی هێزە ئیتنی و مەزهەبیەكان لەعێراق روویانداو چەندین كریستیان كوژران و چەندینیش ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، بەڵام بەپێچەوانەی هەرێمی كوردستانەوە كە كریستیانەكان پێشوازییان لێكراو شوێنی نیشتەجێبوون و پێگەیەكیان دۆزیەوە كە تێیدا رێز لەمرۆڤ و ئایینەكان دەگیرێت .

هەروەها ئەنبا گوتی : ئەمە ئەو عێراقە نییە كە هەموو ئایینزاكان و نەتەوەكان خەونیان پێوەدەبینی، بەتایبەتی كوردو كریستیانەكان و ئێزیدی و توركمان و نەتەوەكانی دیكە، عێراقێك كە تێدا سەرجەم نەتەوەو ئایینزاكان تێیدا بژین و پێكەوەژیانی راستەقینەی تێدا بێت، ئەمە پیلانێكە بۆ بەتاڵكردنەوەی عێراق لەگرنگترین و رەسەنترین پێكهاتەكانی ناو وڵاتی نێوان دوو رووبار، كە شارستانیەتی عێراقیان بونیات ناوە. عێراق بەنەتەوەو ئایینزاكان و رۆحی لێبووردەیی و پێكەوەژیانەوە جوان بوو. جێگەی خۆشحاڵیە كریستانەكان كە مێژوویەكی دوورو درێژیان لەگەڵ كوردستانیەت و بزووتنەوەی رزگاریخوازی هەرێمی كوردستان هەبووە و لەم پێناوەدا شەهیدیان هەیەو لە دژایەتیكردن و وێرانكردنی كوردستاندا باجی زۆریان داوە، هەرگیز دەستپێشخەری بەڕێز «مستەفا بارزانی»یان لەناو جەرگەی چیا بەرزەكانی كوردستان لەیاد ناچێت كە رێزی لە كریستیانەكان و كورستانیەكان گرتووەو پێكەوە بەشداریان لە شۆڕش و خەبات كردووە، لەم پێناوەشدا بەهاوشێوەی كوردەكان و ئایینزاكانی دیكە كریستیانەكانیش قوربانی و شەهیدیان داوە.

لە درێژەی دیدارەكەیدا جبرائیل گوتی : لەهەرێمی كوردستان جیاوازی لەنێوان مەسیحیەك و موسڵمان و ئێزیدییەك ناكرێت، ئەمەش پێچەوانەی ئەو هێرش و دەربەدەرەی و تاوانە قێزەونانەیە كە كریستیانەكان لەناوەڕاست و خوارووی عێراق و پارێزگای نەینەوا رووبەڕووی دەبنەوەو مێژوو لەیادی ناكات.

درێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(969) بخوێنەوە.
Top