ئێمە هاونیشتمانی كوردستانین هەر بڕیارێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بیدات پشتگیری لێدەكەین

ئێمە هاونیشتمانی كوردستانین هەر بڕیارێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بیدات پشتگیری لێدەكەین
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دڵشاد چاوشلی سەرۆكی پارتی دیموكراتی توركمانی كوردستان گوتی: لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعس ئێمە وەكو توركمان رووبەڕووی مەینەتی زۆر و پاكتاوی رەگەزی بووینەوەو، بۆیە ئێمە وەك هاونیشتمانیەكی كوردستان لەگەڵ كورد مێژووێكی دوورو درێژمان هەیە، لە دێر زەمانەوە پێكەوە دەژین و وەكو توركمان هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ كورد و پێكهاتەكانی دیكە كوردستان نییە كە كاریگەریی لەسەر ژیان و بارودۆخی هەرێمەكە هەبێت.

هەروها دڵشاد چاوشلی گوتی : لەگەڵ كوردو پێكهاتەكانی دیكەدا زۆر خاڵی هاوبەشمان لەبەرامبەر و دژی رژێمی ئەوسا هەبوو، هەروەها لەدوای راپەڕینی گەلی كوردستان لە ساڵی 1991 ئازادییەكی زۆر و رەها بۆ توركمان لە كوردستان هاتەدی و بەڕێژەی زیاتر لە80%ی مافەكانمان هاتۆتەدی، تەنانەت لەسەر هەموو كارو پرۆژە و بڕیارێك لە كوردستان راوبۆچوونمان وەرگیراوەو هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی توركمان لەماوەی چەند ساڵەی دەسەڵاتی كوردستاندا بە مومارەسەی كلتورو فەرهەنگی خۆمان شادبووین، زۆر بەئازادانە گۆڤار و رۆژنامەو رادیۆ و تەلەفزیۆنی لۆكاڵی و ئاسمانیمان بە زمانی رەسەنی خۆمان هەبووە، هەر لەسایەی كوردو بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی لە ناو حكومەتی عێراقیش داكۆكی لە مافی توركمان كراوە، رۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ مافی هەموو پێكهاتەو كەمە نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان دیارە، كە وایكرد لە كاتی نووسینی دەستووری عێراقدا جێگای ئێمە بكرێتەوەو ماف و ئیمتیازەكانمان پارێزراو بێت.

لە درێژەی یدیدارەكەیدا بۆ گۆڤاری گوڵان چاوشلی هەروەها گوتی: رەشنووسی دەستووری كوردستانیش بەئێمە دراو پێشنیارو راوسەرنجی خۆمان لەسەری دیاریكرد و ماف و ئازادییەكانی ئێمە بەتەواوی تێدا مسۆگەر و جێگیركراوە، هەر بۆ نموونە سەرۆك بارزانی ئەو بڕگەی لەناو رەشنووسی دەستوور پێ لادان كە توركمان بە كەمە نەتەوە دابنرێت، بەڵكو حیسابی ئێمە و هەموو پێكهاتەكانی دیكە لەگەڵ كورد وەكو یەك داناوە و جیاوازی لەنێوانمان بەدی ناكرێت و هەموو هاووڵاتییەكی لە كوردستان بەپلە یەك داناوە، نەك وەكو ئەوەی كە حكومەتی مالیكی بەتایبەتی ئێستا هەموو لایەكمان بە كوردەوە بە هاووڵاتی پلە دوو داناوە و قوتی خەڵكی كوردستان دەكاتە فشار لەسەرمان، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەو گوتەو فەرماییش و بڕیارانەی سەرۆك بارزانین كە بەم دواییە لەسەر ئەو بارودۆخەی نێوان كوردستان و مالیكی رایگەیاند، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەرۆك بارزانی هیچ هەڵوێست و بڕیارێك نادات واقیعی و لە جێگای خۆی نەبێت و دەبێت هەموو لایەكمان بە عێراقییەكان و مالیكیشەوە باش بزانن ئەگەر جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەبووایە حكومەتی عێراقی پێكنەدەهات.

درێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(969) بخوێنەوە.
Top