سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خانەوادەی شەهید كاوە گەرمیانی دەكات

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خانەوادەی شەهید كاوە گەرمیانی دەكات
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی 3ی 2014 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خانەوادە و كەسوكاری ڕۆژنامەنووسی شەهید كاوە گەرمیانی كرد.


لەم دیدارەدا خانەوادەی ڕۆژنامەنووسی شەهید كاوە گەرمیانی سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ بەدواداچوون و خەمخۆریی بەڕێزیان بۆ كەیسی تیرۆركردنی شەهید كاوە گەرمیانی و وێڕای باسكردنی وردەكارییەكانی بەڕێوەچوونی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی تیرۆركردنی شەهید كاوە گەرمیانی داواشیان لە سەرۆك بارزانی كرد كە بەهەموو توانایەكییەوە پاڵپشت بێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانی ئەو كەسانەی لەپشتەوەی ئەنجامدانی ئەم تاوانەن.



لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی كردن و هاوخەمیی خۆی بە كەسوكاری شەهید كاوە گەرمیانی ڕاگەیاند و ئاماژەشی بەوەدا كاوە گەرمیانی كەسێكی بێتاوان و پاك و بێگەرد و ڕۆڵەی خانەوادەیەكی نیشتیمانپەروەر و قوربانیدەر بووە و تیرۆركردنی تاوانێكی مەزن و دڕندانەیە. سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست كە پڕۆسەی دادگاییكردنی تۆمەتباران ئەنجامی لێ بكەوێتەوە و تاوانباران ئاشكرا بكرێن بۆ ئەوەی بەشێك لە زامەكانی كەسوكاری شەهید سارێژ ببن. سەرۆك بارزانی داواشی لە خانەوادەی كاوە گەرمیانی كرد كە نائومێد نەبن و لەوە دڵنیای كردنەوە كە تاوانباران بە سزای خۆیان دەگەن و خوێنی كاوە گەرمیانی ون نابێت و پاڵپشتیی تەواوی خۆیشی بۆ داواكارییەكانی خانەوادە و كەسوكاری شەهید كاوە گەرمیانی دووپات كردەوە.
Top