كورد پێشنیازێكی نوێ‌ بۆ پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەخاتەڕوو

كورد پێشنیازێكی نوێ‌ بۆ پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەخاتەڕوو
فراكیسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق پێشنیازێكی نوێ‌ بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەخەنەڕوو، هاوكات بڕیارە ئه‌مڕۆ دووشەممە، بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك لەسەر پێشنیازەكە لەگەڵ ئوسامە نوجەیفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆببنەوە.

نەجێب باڵەتی، سەرۆكی فراكیسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بڕیارە ئه‌مڕۆ كات ژمێر 10:00 سەرۆك كوتلەكان لەگەڵ ئوسامە نوجەیفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆببینەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك لەسەر پڕۆژەیاسایی بودجەی ساڵی 2014.

دوای ئەوەی دوێنێ بەبێ‌ كورد خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسایی بودجەی گشتی عێراق كرا، ئەمشەو سەرۆكی كوتلە كوردستانییەكان لە ماڵی د.فواد مەعسوم كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهات‌ و هەڵوێستی كورد لە بەرامبەر ئەگەری تێپەراندنی بودجە بەبێ‌ كورد.

لەمبارەیەوە باڵەتی گوتی "ئێمە چەند پێشنیازو سیناریۆییەكمان خستوونەتە بەر باس، لەوانە هەمواركردنی ماددی یەكی یاساكە بە جۆرێك كە ژمارەیەكی دیاریكراو لە سەر هەرێمی كوردستان نەسەپێنی، بەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەنەكات و بەمە تووشی سزا دەبێت، بەڵكو دەقی ماددەكە بەو جۆرەبێت كە بە سیغەیەكی هاوبەش عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبكات".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەوشی خستەڕوو، كە لە كۆبوونەوەكەدا سەرجەم كوتلە كوردستانییەكان رێككەوتن كە جگە لە دەستكاریكردنی ژمارەكە‌و گەیشتنە رێككەوتنێك لەگەڵ كوتلەكانی دیكەی ناو پەرلەمانی عێراق، لە هەمان كاتدا ماددەكانی 8 و9و 10 هەموار بكرێنەوە كە كۆمەڵێك سزای بۆ هەرێمی كوردستان داناوە، ئەمەش بۆ ئەوەی شاندی دانوستاندنكاری نێوان هەولێر و بەغدا بگەنە رێككەوتنێك.

نەجێب باڵەتی پێشبینی ئەوەشیكرد كە تاوەكو پێش دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی عێراق، یاساكە پەسەند بكرێت "ئێمەش هەوڵدەدەین لەگەڵ رەوتی سەدرو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و كوتلەی موتەحیدوون و لایەنەكانی دیكە رێبككەوین بۆ ئەوەی لە كاتی خوێندنەوەی دووەم‌و پەسەندكردنی ماددەكانی ئەم پڕۆژەیاسایە، خواست ‌و مافەكانی هەرێمی كوردستان جێگر بكەین".

جەختیشیكردەوە "ئەگەر هەر بەبێ‌ ئێمەش پڕۆژەیاساكە وەكو خۆی بەو كۆمەڵە ناحەقیەی كە لە ماددەكانی 1 و 8و 9 و 10 هاتووە پەسەندكرا، ئەو كات دەبێ‌ سەركردایەتی كوردستان هەڵوێستی خۆی رابگەێنێت".

دوێنێ بەهۆی جێبەجێ‌نەكردنی داواكارییەكانی كورد و لانەبردنی ئەو بڕگەوە ماددانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2014ی عێراقدا هەن، كە سزای دارایی لە سەر هەرێمی كوردستان دەسەپێنێ، سەرجەم كوتلەكانی پەرلەمانی كوردستان بایكۆتی دانیشتی پەرلەمانی عێراقیان كرد و كە تێدا بە ئامادەبوونی 164 پەرلەمانتار خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاساكە كرا.


زاگرۆس تیڤی
Top