نوێنەرانی بەغدا بڕیاریان دا، دواکارییەکانی كورد جێبەجێ نەکرێن بەشداریی گفتوگۆی پڕۆژەیاسای بەدجە ناكەن

 نوێنەرانی بەغدا بڕیاریان دا، دواکارییەکانی كورد جێبەجێ نەکرێن بەشداریی گفتوگۆی پڕۆژەیاسای بەدجە ناكەن
جێگری سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد كە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، بڕیار درا تاوەکو داواکارییەکانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ نەکرێن، لە دانیشتنی پڕۆژەیاسای بودجە، بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ناکەن.

جێگری سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، موحسن سەعدوون، بە kdp.infoـی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی و نوێنەرانی کورد لە بەغدا جەخت کرایەوە کە، ئەگەر گۆڕانکاری لە پرۆژەیاسای بودجە بکرێت ئێمە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەین، بە پێچەوانەوە بەشداری ناکەین."

موحسن سەعدوون گوتیشی: "ئێمە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانمان نەکردووە، بەڵکو تەنھا داوامان کردووە کە چۆن تێبینیی کوتلەکانی دیکە لەبەرچاو گیراوە، بە ھەمان شێوە داواکارییەکانی ئێمەیش لە بودجە جێبەجێ بکرێت."

جێگری سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند: بڕیارە سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەگەر باس لە بودجە بکرێت، ئێمە بەشداری لە کۆبوونەوەکە ناکەین، چونکە تاکە مەرجی ئێمە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان لەبارەی بودجەوە، جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئێمەیە."

سەعدوون روونیشی کردەوە، پەرلەمان تەنھا دوو ھەفتەی لەبەردەست ماوە و ئەوەی ئێستایش حکوومەتی عێراق بەرامبەر کورد دەیکات، تەنھا پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنە وھیچی دیکە نییە.
Top