نێچیرڤان بارزانی: دەبێ بەغدا دڵنیابێت كە گووشارەكانی قبو‌وڵ ناكەین

 نێچیرڤان بارزانی: دەبێ بەغدا دڵنیابێت كە گووشارەكانی قبو‌وڵ ناكەین
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە جەختیكردەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری گوشارەكانی بەغدا‌و لەوەش زیاتر قبووڵی ناكەن بەغدا تاكلایەنە حوكم بكات.

لەدوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی نێوانیان، كەناڵی TRT دیبەیتێكی تایبەتی بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئەحمەد داودئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا سازكرد.

لە تەوەرێكی دیبەیتەكەدا پێشكەشكارەكە پرسیاری لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە نێچیرڤان بارزانی كردو ئەویش لە وەڵامدا گوتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر هەنگاوێكی لە بواری وزەدا نابێت لە چوارچێوەی یاساو دەستووری عێراقدا بووە‌و بەردەوامیشین لەسەر هەنگاونان بەو ئاراستەیە".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی "ئەوەی كێشەكەی دروستكردووە حكومەتی عێراقەو ئەوان خراپ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام دەبێ دڵنیابن كە هەرێمی كوردستان لە بواری وزەدا ناگەڕێتە دواوەو درێژە بەو هەنگاوانە دەدات كە گرتوویەتیەبەر".

سەبارەت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش نێچیرڤان بارزانی گوتی "ئەوە كارێكە بەغدا كردوویەتی كە لە دونیادا هاوشێوەی نەبینراوە".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی "ئێمە نەوت و وزەی خۆمان هەیە، بەوەش تەهدیدی بەغدا ناكەین، بەڵام گووشارەكانیشی قبووڵ ناكەین"







رووداو
Top