پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی یادەکانی ئادار و نەورۆز
هاووڵاتییانی ئازیزی کوردستان
بەبۆنەی هاتنەوەی یادەکانی ئادار پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەکەم. زۆر بۆنەی شادیبەخشی نەتەوەیی و هەندێکی پڕ ئازاریش کەوتوونەتە مانگی ئادارەوە. ئادار یادی سەركەوتن و نەهامەتییەكانی گەلەكەمانە و وانەی خۆڕاگری و بڕوابەخۆبوونی گەلی كوردستانە. ئادار سەرکەوتنی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمانە، یادی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهیدە، یادی ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادارە، هەروەها ئادار دەستپێکی نەورۆزی جەژنی نەتەوەییمانە. نەوە لە دوای نەوە گەلی كوردستان بەرخودانی كردووە و ئێستا نەوەیەك پێگەییشتووە بەهیچ شێوەیەك ملكەچی دیكتاتۆری و داگیركاری نابێت و ئازادی و پێشكەوتن مسۆگەر دەكات.
ڕاپەڕینی مەزنی گەلەکەمان لە ئاداری ١٩٩١ تەنیا ڕووداوێک نییە بچێتە مێژوو و ساڵانە یادی بکەینەوە، بەڵکو پەیامێکی هەمیشەییە بۆ هەموو دنیا کە کورد ژێردەستەیی قبوڵ ناکات و کاتێکیش لە ژێر دەستەیی دەردەچێت دەبێتە هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێشکەوتن. لە ڕاپەڕینە مێژووییەکەی ساڵی ١٩٩١دا خەڵک و پێشمەرگەی سەرجەم لایەنەکان بێ جیاوازیی بیروبۆچوون بەگژ دیکتاتۆرییەت و داگیرکاریدا چوونەوە و بە سەرکەوتنی ڕاپەڕین ئەو پەیامەیان ڕاگەیاند کە هەرکاتێک کورد یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن هیچ هێزێک ناتوانێ ڕێگە لە ئامانجمان بگرێت. هەروەها دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕین کوردستان بووە نەوایەکی ئارام بۆ سەرجەم زوڵملێکراوانی عێراق و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیشەوە ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە بواری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئارامی و پێشکەوتن و ئاوەدانیدا لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراقی فیدراڵدا هەیە، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە کە کورد ئاشتیخوازە و نابێ چیدی مافەکانی زەوت بکرێن و بە زمانی هەڕەشە و ئابڵوقەی سیاسی و ئابووری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لەمانگی ئاداردا گەلەکەمان یادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار بەرز ڕادەگرێت، ئەو ڕێككەوتنەی کە لە ئەنجامی سەرکەوتنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، شۆڕشێک کە بەسادەترین چەکی دەستی پێشمەرگە بەرەوڕووی سوپای پڕچەکی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دەبۆوە و سەرەنجام ناچاری کردن بێنە سەرمیزی دانوستان و بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی ڕەسمی دان بەمافەکانی گەلەکامدا بنێن.
هاووڵاتیانی خۆشەویست:
یادێکی تاڵی مانگی ئادار، یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهیدە. یادێک کە دەبێ مرۆڤایەتی بە شەرمەوە لەئاستیدا بوەستێ، چونکە سەرەڕای ئەوەی ئەو هێرشە دڕندانە و نامرۆڤانەیە کرایە سەر هەڵەبجە و زیاتر لە پێنجهەزار مرۆڤی بێ گوناهی کورد شەهید و هەزارانی دیکەی ژەهراوی کران، تائێستایش خەڵکی ئەو شارە ئازیزە بەدەست ئاسەواری ئەو کردەوە وەحشیانەیەی ڕژێمی بەعسەوە دەناڵێنن، بۆیە بەبایەخەوە لەو هەوڵانە دەڕوانین کە بۆ بەجینۆساید ناسانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئاستی وڵاتاندا دەدرێن. هەڵەبجە بۆ کورد بۆتە ناسنامە و گرێی بەختی کوردی کردەوە، گەلێک قوربانیی ئاوا گەورەی دابێت هەرگیز نابێ لە ئازادی و سەربەستی دوور بێت و شاییستەی هەموو چەشنە شكۆمەندییەكە.
هەر لە ئاداردا یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز دەکەینەوە، جەژنی سەرکەوتنی ئیرادەی ژیان و ئازادی بەسەر زوڵم و بێدادیدا، ئەوەش بۆ ئێمە مانای ئەوەیە کە ئەنجامی قوربانیدان و خەباتی ڕزگاریخوازی کورد گەیشتنە بە ئازادی، تێپەڕین بەو هەموو نەهامەتییانەدا ئامانجێکی ڕوونی هەیە کە هەڵکردنی ئاگری ڕۆژێکی نوێیە بۆ کورد، ڕۆژێک کە گەلەکەمان تیایدا سەربەست دەبێت.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
11ـی 3ـی 2014
