بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی رێككەوتننامەی 11ی ئادار
رێككەوتننامەی (11)ی ئادار لە مێژووی ئێراق و كورددا بایەخێكی ئێكجار مەزنی هەیە، دەستكەوتێكی مێژوویی گرنگی گەلی كورد بوو، بۆ یەكەمجار حكومەتی ناوەندی ئیراق دانی نا بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و كەلتوورییەكان، هیوایەكی زۆری لای كورد لە هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان دروست كرد.
ئەو رێككەوتننامەیە، كە قۆناغێكی گرنگی مێژووییە، بەرهەمی خوێنی شەهیدە نەمرەكان و پێشمەرگە دلێرەكان بوو، كە توانیان سەركەوتنێكی گەورە لە مێژووی كوردوپارتیدا تۆمار بكەن، هەروەها بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان بۆ قۆناغێكی سیاسی پێشكەوتوو گواستەوە بەجۆرێك لەسەر شانۆی سیاسەتدا وەك هێزێكی كاریگەروگرنگ لە بەرەوپێشچوونی رووداوەكاندا دەوری خۆی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینی.
رێككەوتننامەی (11)ی ئادار دوای چەندین ساڵ لە خەباتی چەكداری و سیاسی بەردەوام بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر، بە خاڵێكی گرنگ و سەلمێنەر و لێهاتوویی و ژیری سەركردایەتی بزاڤی رزگاریخوازی كورد دادەنرێ لەو قۆناغە ناسك و هەستیارەی لە ئارادابوو، كە دوابەدوای زنجیرەیەك خەباتی بێوچان و سەخت و خۆراگری و راپەڕین و سەرهەڵدانی گەلەكەمان هاتەدی، هەنگاوێكی مێژوویی و راست و دروست بوو بەرەو داڕژتن و بناغەڕێژیی ئاشتەوایی و سەقامگیریی لە عێراقدا، ئەمەش بە حیكمەت و پلانڕێژیی بارزانی نەمرو هاوخەبات و پێشمەرگە پاڵەوانەكانی شۆڕِشی مەزنی ئەیلوول هاتەبەر، كە حكومەتی عێراقی ئەوسای ناچاركرد بەپێی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە مل كەچ بكات بۆ خواست و داوا رەواكانی گەلی كوردو بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی، هەروەها بەڵگەنامەیەكی مێژوویی گرنگ وبێوێنە بوو، لە رووی یاساییەوە كە بۆ یەكەمجاربوو دان بنیرێت بە مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كوردستان كە مافی ئۆتۆنۆمی بوو لە چوارچیوەی كۆماری ئێراق دا.
بەیاننامەی (11)ی ئادار لە كاتێكدا ئیمزاكرا، كە ئێراق لە سەردەمێكی تاریكی و سەركوتكاری و زەوتكردنی ئازادی و دیموكراسی بوو، دەنگە ئازادەكان كپكرابوون، نائارامیی باڵی كێشابوو، بەڵام بەپێی ئەو رێككەوتننامەیەی، كە لە نێوان سەركردایەتی شۆڕش و حكومەتی ئەوسای ئێراق مۆركرا، حكومەت بەڵێنی دا بە جێبەجێكردنی بەندەكانی بەیاننامەكە و، بە یەكەم دانپیانانی فەرمیش دادەنرێ لەسەر ئاستی ئێراق، كە دانی نا بە هەبوونی نەتەوەی كورد و بڕیاردان لەسەر مافی ئۆتۆنۆمی لە كوردستانی ئێراق و زمانی كوردیش وەك دووەم زمانی فەرمی لە ئێراقدا دانپیانرا هەروەك زمانی عەرەبی، جگە لەچەندین دەسكەوتی دیكەی گرنگی فەرهەنگی ورۆشنبیریی، هەروەها حكومەت بەڵێنی دا كە دەستوور هەموار بكاتەوە و بەرەسمیش ئەوە بچەسپێ كە ئێراق لە دوو گەلی سەرەكی كورد و عەرەب پێك هاتووە.
رێككەوتننامەی (11)ی ئادار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سەداودەنگدانەوەی خۆی هەبوو، رای گشتیی جیهانی ورووژاند و نێوەندە عەرەبی و جیهانییەكان پێشوازییان لێكرد، ئەو رێككەوتننامەیە و جێبەجێكردنیان بە سەركەوتنی پرەنسیپەكانی مافەكانی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین لەقەڵەم دا.
رێككەوتننامەی(11)ی ئادار بە بنەمایەكی راست ودروستی چارەسەركردنی كێشەی كورد بەرێگەی ئاشتی و دیموكراسی دادەنرێ، ئەو هەنگاوە مەزنە تەنیا جاڕدانی كۆتایی هێنانی ململانەی خوێناوی نەبوو، بەڵكە چەند بڕیارێكی مەبدەئی و راستیشی دا، سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئیراق و دواڕۆژی كێشە نەتەوایەتییە چارەنووسسازەكان. هەروەها سەردەمێكی نوێی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی خستەوە بۆ گشت پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە و دەروازەیەكی گرنگیش بوو بۆ دابینكردنی مافی نەتەوەكانی دیكەی وەك توركمان وكلدوئاشووری و سریان...
ئەو رێككەوتننامەیە دەستكەوتێكی مەزنی شۆڕشی ئەیلوولی مێژوویی بوو و دوابەدوای مۆركردنیشی لە نێوان حكومەتی عێراق و سەركردایەتی شۆڕشی كورد بەرابەرایەتی بارزانی نەمر، موژدەیەكی خێروخۆشی بوو لەسەرتاسەری ئێراقداو وەك رووداوێكی گرنگی مێژوویی بۆ بونیاتنانی ئایندەیەكی روون وگەشی دیموكراسی و چەسپاندنی ئارامیی و سەقامگیریی لە ئیراق وناوچەكە ناسرا.
ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو رێككەوتننامەیە پێداگرتن بوو لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان لەسایەی سیستمێكی دیموكراتی. پارتی لەو قۆناغەدا نەخشەرێگایەكی راست و رەوانی كێشا بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، چارەسەركردنێك كە گشت مافەكان دابین بكات.
ئەو رێككەوتننامەیە وەرچەرخانێكی دیرۆكی بوو لەو كاروانە دوورودرێژە خوێناویەی تێكۆشان و قوربانیدانی رۆڵەكانی گەلەكەمان، هەروەها چەردەیەكی نوێ بوو دوابەدوای قۆناغێكی شەڕوشۆڕ و ماڵوێرانی وكۆدەتاو پیلانگێڕی حوكمڕانیەتی عێراق لەرووی پەیوەندییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی و بەدیهاتنی مافەنەتەوایەتییەكانی گەلی كورد.
هەرچەندە سەركردایەتی پارتی سووربوو لەسەر ئەوەی جێبەجێكردنی بەندەكانی بەیاننامەكە ئامانجێكی سەرەكی و ستراتیجی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردە، سەرەتای قۆناغێكی نوێ بوو بەرەو گۆڕانكاری ئەوتۆ لە رەوشەكە و ژیانی هاووڵاتیان و پێشكەوتنیان، كەچی رژێمی بەعس بەردەوام بوو لە قۆرخكردنی دەسەڵات و پەكخستنی رێككەوتننامەكە، لە بەندەكانی ئەو رێككەوتننامەیە پاشگەزبۆوەو لەوانەش نكوڵیكردن لە شوناسی نەتەوەیی كوردیبوون و كوردستانیبوونی كەركووكی دڵی كوردستان، كە هەرگیز بارزانی نەمر ئامادەنەبوو بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری ببێت و سازشی لەسەر بكات، ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان لەو ناوچانەی زۆربەی دانیشتوانیان كوردن و پەیرەوكردنی سیاسەتی تەعریب و تەبعیس لەناوچەكانی دەوڵەمەند بەنەوت وەك كەركووك و خانەقین بەمەبەستی گۆڕینی واقیعی نەتەوەییان ودابڕینیان لە كوردستان و راگواستنی براكوردە فەیلییەكان، هەورەها بە نیازو نیەتێكی گڵاو و چەپەڵەوە كەوتە پیلانكاریی بۆ نوشستپێهێنانی رێككەوتننامەكە بەمەش هەوڵی لەناوبردنی ئەندام و كادیرانی پارتیمانی دا تەنانەت خودی ((بارزانی نەمر))یش، كە لە(29/9/1971) لە پیلانێكی گڵاوی چەند راسپێردراوی موخابەرات بەناوی پیاوانی ئایینەوە لە ناوپردان ئەنجام درا.
دواجاریش بۆ شكست پێهێنانی شۆڕشی گەلەكەمان، پیلانێكی دیكەی گێڕا، كە رێككەوتننامە خیانەتكاریی و شوومەكەی جەزائیر بوو لە(6 ئادار 1975).
بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان لە گشت ئەو پیلان و شێوازانەی غەدروخیانەت بەهێزتربوو و جارێكی دیكە ژیلەمۆی شۆڕش داگیرسایەوە و شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز لە(26ی ئایاری 1976) وەكو درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەگوڕوتینێكی نوێوە دەستی پێكردەوە بۆ بەردەوام بوون و نەسرەوتن لە تێكۆشان و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە وێرای هەلومەرجە سەخت و دژوارەكە.
ئەوەبوو لە(5 ئاداری 1991) كڵپەی راپەڕین و سەرهەڵدان شاروشارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوەو رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕی بەزاندو بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1992 لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا، هەڵبژاردن ئەنجامدراوگەلی كورد بۆیەكەمجار لە مێژووی خۆیدا بووە خاوەن قەوارە و دەزگە شەرعییەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و قەزایی.
دیارە بەیاننامەی (11ئادار1970) هاوكاتە لەگەڵ رۆژژمێری ئازادكردنی شاری هەولێر(11ی ئاداری 1991)، شاری قەڵاومنارە، وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان و خاوەن ناوەندێكی نەتەوەیی – سیاسی و ئارامگەوپەناگەیەكی هەمیشەیی بۆ لایەنەسیاسیەكانی دیكە و خوشكوبراكانمان لە پارچەكانی دیكەی كوردستان، هەروەها وەك ناوەندێك بۆ چارەسەركردنی كێشەوگیرو گرفتەكان و خاوەن پێگەیەكی دیاری پەرەسەندوو و پێشكەوتوو لە گشت بوارێكدا، سیاسی وئابووری و گەشتیاریی، هەر بەو بۆنەیەشەوە پیرۆزباییەكی گەرم ودلێرانە لە رۆڵەكانی شاری دێرینی هەولێر، شاری هۆلاكۆبەزێن دەكەین ئەو شارەی نموونەی جوامێریی و برایەتی ولێبووردەیی وبەخشندەییە و شارستانییەت و رەسەنایەتیە.
وەك ئاشكرایە ئێستا جارێكی دیكە كێشەی نێوان حكومەتی فیدراڵ وهەرێمی كوردستان لەئارادایە، دیارە و لای هەمووان روونە، كە حكومەتی ئێراق ماوەیەكە لە گێژەنی قەیراندا خوولدەخواو بەو هەناسەیەش مامەڵە لەگەڵ پرس و بابەتەكان دەكات، ئەوان جارێكی دیكەش پێدادەگرن لەسەر پێشێلكردنی مافەكانمان و فەرامۆشكردنی ئیستیحقاقاتەكانمان كە لە دەستوور چەسپاوی ئێراقدا هاتوون، ئەمەش مەحاڵەو بەلای ئێمە ئەمە كێشەیەكی چارەنووسسازەو ناكرێ دەستبەرداری ببین و سازشی لەسەربكەین، بۆیە بەردەوام دەبین و پێدادەگرین لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانی و دەستوورییەكانمان.
راستیەكی حاشاهەڵنەگرە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە قۆناغێكی نوێی و راگوزاریدایە، قۆناغی بونیادنان وئاوەدانكردنەوە، ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆ لە خۆشگوزەرانی و بەرزبوونەوەو باشتربوونی ئاستەكانی بژێوی هاووڵاتیان و سەقامگیریی و جێگیریی باری ئاسایش و ئارامیی چاكترین گەواهیدەرن، لەوەش زیاتر هەنگاوەكان بەرەو پێشتر و چاكتر دەچن بۆ بەدیهێنانی گشت ئامانجەكانمان.
دەرەنجام سەركەوتن هەر بۆ ئیرادەی رەوای گەلەكەمانە.
نەمریی و سەربەرزی بۆ شەهیدانی رێگای كورد و كوردستان
سڵاو لە گیانی پاكی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو...
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
11ی ئاداری2014
