وادەی گەیشتنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران دیاریکرا

 وادەی گەیشتنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران دیاریکرا
دوای واژۆکردنی نووسراوی ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڕیارە ئەو مووچانە تاوەکو دوو رۆژی دیکە بگەنە هەرێمی کوردستان.

فازڵ نەبی، بریکاری دەستلەکارکێشاوەی وەزارەتی دارایی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ نووسراوی ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی واژۆکردو بڕیارە ئەو مووچانە تاوەکو دوو رۆژی دیکە بگەنە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو بڕە پارەیە لە بانکی ناوەندی عێراقەوە رەوانەی کوردستان دەکرێ".

بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر رۆشنایی نووسراوی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هات، کە ئاماژە بەوە دەکات تەنها مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی کوردستان دەنێرێ و مووچەی مانگەکانی دواتر لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ.

هاوکات پێشتر سەفائەدین سافی، وەزیری دارایی عێراق بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوو رۆژی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان رەوانەی هەولێر دەكرێ".

هەروەها بەهۆی ناكۆكییەكانی فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمانی عێراق، لەسەر رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014، ماوەی چەند مانگێكە پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان چەقی بەستووەو پەسەندنەكراوە.








رووداو
Top