كەشناسی سلێمانی هۆشداریی روودانی لافاو دەدات

 كەشناسی سلێمانی هۆشداریی روودانی لافاو دەدات
پێشبینیدەكرێت شەپۆلێكی بارانبارین بۆ ماوەی چەند رۆژێك ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوەو بەڕێوەبەری كەشناسیی سلێمانیش رایدەگەیەنێت ئەگەری روودانی لافاو هەیە بەهۆی ئەو شەپۆلەوە.

دارا حەسەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، پێشبینیدەكرێت شەپۆلێكی پاڵەپەستۆی نزم لە دەریای ناوەڕاست و باكو‌وری كوردستانەوە روو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكات و بەو هۆیەشەوە رۆژانی 10-14ی ئازار، باران بەبڕی جیاواز لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ببارێت.

بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی گوتیشی: بەوهۆیەوە پلەكانی گەرما نزمبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن و پلەكانی گەرما لە نێوان 6-20 پلەی سەدی دەبێت و رێژەی شێش لە هەوادا 75-94% دەبێت.

دارا حەسەن هۆشداریشیدا لە ئەگەری روودانی لافاو بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەوە بە تایبەتی لە رۆژی سێشەمەی ئەم هەفتەیە 11ی ئازار.

پێشتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ‌و هەندێك دەزگای راگەیاندن وا بڵاوكرایەوە كە دارا حەسەن گوتوویەتی "تاوەكو مووچە وەرنەگرم بەردیش ببارێت لەسەر كەشوهەوا قسە ناكەم"، بەڵام لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رەتیكردەوە ئەوە قسەی ئەو بێت و گوتی "ئەوە قسەی گەنجە جوانەكانی شارەكەمە‌و ئەوەتا لێدوان دەدەم‌و یەك دیناریشم وەرنەگرتووە".












رووداو
Top