نێچیرڤان بارزانى: لاوان هێزى كاراى بنیاتنانه‌وه‌ى كوردستانن

 نێچیرڤان بارزانى: لاوان هێزى كاراى بنیاتنانه‌وه‌ى كوردستانن
نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان پێشوازى له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رى و پیشه‌ییه‌كان كرد.

له‌ دیدارێكدا تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕه‌وشى لاوان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ستنى كۆنگره‌ى هه‌شته‌مى یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكى داهاتوودا ببه‌سترێت.

هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ى چه‌ندین كار و پڕۆژه‌ و چالاكیى جۆاروجۆرى یه‌كێتیى لاوان خرایه‌ ڕوو كه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ خزمه‌تكردن به‌ لاوان ئه‌نجام دراون، وێڕاى به‌ئه‌ندامبوونى یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى كوردستان له‌ ڕێكخراوى یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى جیهاندا و به‌ستنى سێ كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌ییى لاوان كه‌ لاوانى هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان به‌شدارییان تیادا كردووه‌.

نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى گرنكى لاوان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستاندا كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ بایه‌خ و گرنگیدان به‌ پێگه‌یاندن و ئاماده‌كردنى لاوان بۆ قۆناغه‌كانى ئێستا و داهاتووى كوردستان زۆر گرنگه‌ و لاوان كه‌ سه‌ره‌كیترین پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانن، ده‌توانن له‌ پێشخستنى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و ئابووریى كوردستاندا ڕۆڵێكى دیارى بنیاتنه‌رانه‌ بگێڕن و ببنه‌ هێزێكى كاراى بنیاتنانه‌وه‌ى كوردستان.

نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ لاوانى كوردستان ده‌بێ ڕۆڵێكى كاراتر له‌ بنیاتنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنى كوردستاندا بگێڕن و خۆیان فێرى ئه‌و كار و پیشانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ ژیانى ڕۆژانه‌دا پێویستن. بۆیه‌ یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى كوردستانى هان دا كه‌ زۆر به‌ بایه‌خه‌وه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بكه‌ن و لاوان هان بده‌ن له‌ بوارى پیشه‌ جیاجیاكاندا فێرى كار ببن، كار بكه‌ن و هه‌مووان ته‌نیا چاویان له‌ دامه‌زراندن له‌ كه‌رتى گشتى نه‌بێت، به‌ڵكوو زۆرتر ڕوو بكه‌نه‌ كه‌رتى تایبه‌ت و زیاتر پشت به‌ توانا و كارى خۆیان ببه‌ستن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ گرنگیى ڕۆڵى یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى كوردستان كرد له‌ په‌ره‌پێدان و بڵاوكردنه‌وه‌ى كه‌لتوورى كاركردن و گیانى خۆشه‌ویستى و په‌یوه‌ستبوون به‌ خاك و نیشتمانه‌وه‌ له‌ناو توێژى گه‌نجاندا و ئه‌مه‌ى به‌ ئه‌ركێكى نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یى یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

له‌ كۆتاییشدا ستایشى ڕۆڵ و ئه‌ركى سه‌ركردایه‌یتى ئێستاى یه‌كێتى لاوانى كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ كۆنگره‌ى داهاتوویان خواست.
Top